چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

گوته‌بێژی پارتی: پارتی و یه‌كگرتوو هاوڕابوون کێشەکان بە یەکگرتوویی چارەسەربكرێن

گوته‌بێژی پارتی دیموكراتی كوردستان، مه‌حموود محه‌ممه‌د رایگه‌یاند، پارتی له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان كۆده‌بێته‌وه‌. له‌باره‌ی په‌یوه‌ندی نێوان پارتی و یه‌كێتییه‌وه‌ گوتی: وەڵامی یەکێتی لەرێگەی بابەتی میدیایی نادەینەوە.

شاندێكی باڵای پارتی دیموكراتی كوردستان كه‌ پێكهاتبوو له‌ فازڵ میرانی، مه‌حموود محه‌ممه‌د، هۆشیار زێباری و جه‌عفه‌ر ئیمێنكی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 14ـی كانوونی یه‌كه‌می 2022، له‌ شاری هه‌ولێر له‌گه‌ڵ سه‌ڵاحه‌ددین به‌هائه‌دین، ئه‌مینداری گشتی یه‌كگرتوو كۆبووه‌وه‌.

دوای ته‌واوبوونی كۆبوونه‌وه‌كه‌، مه‌حموود محه‌ممه‌د، گوته‌بێژی پارتی و خه‌لیل ئیبراهیم، کارگێڕی ئەنجوومەنی جێبەجێکردنی یەکگرتووی كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانییان سازكرد. مه‌حموود محه‌ممه‌د رایگه‌یاند، له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا له‌گه‌ڵ یه‌كگرتوو دۆخی ناوچه‌كه‌ و هه‌رێمی كوردستانیان تاوتوێكردووه‌ و باسیان له‌ چۆنییه‌تی دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ر بۆ كێشه‌كان كردووه‌.

گوته‌بێژی پارتی ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، پارتی و یه‌كگرتوو هاوڕابوون کێشەکان بە یەکگرتوویی چارەسەر بكرێن.

له‌باره‌ی كێشه‌كانی نێوان پارتی و یه‌كێتی گوته‌بێژی پارتی جه‌ختی له‌وه‌كرده‌وه‌، پێویسته‌ كێشه‌ هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كان چاره‌سه‌ربكرێن و هه‌ردوولا گوێ له‌یه‌كتر بگرن. هه‌ره‌وها رایگه‌یاند، پارتی له‌رێگه‌ی میدیاوه‌ وه‌ڵامی یه‌كێتی ناداته‌وه‌.