چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

هەماهەنگییەکانی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و هێزەکانی هاوپەیمانان پەرەی پێ دەدرێت

به‌ مه‌به‌ستی به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانی وه‌زاره‌ت و یه‌كه‌ سه‌ربازییه‌كانی پێشمه‌رگه‌ و پته‌وكردنی په‌یوه‌ندی و هه‌ماهه‌نگییه‌كان، وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ ڕۆژانی ڕابردوودا، چه‌ند چالاكی و دیدار و كۆبوونه‌وه‌ی تایبەت لە نێوان وه‌زاره‌تی کاروباری پێشمەرگە و هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان لە هەرێمی کوردستان ئه‌نجام درا.
‌له‌ چالاكییه‌كدا وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ پشكنینی گشتیی فێركاری بۆ لیواكانی پیاده‌ و یه‌كه‌ سه‌ربازیه‌كانی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ ئه‌نجام دا، كه‌ ئامانج له‌و پڕۆسه‌یه‌ باشتركردنی توانا و راپه‌ڕاندنی ئه‌رك و كاره‌كانی لیواكانی پیاده‌ و یه‌كه‌ سه‌ربازییه‌كانه‌.
هه‌ر له‌ درێژه‌ی چالاكییه‌كانی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌، خولێكی مه‌شق و ڕاهێنان بۆ فه‌وجی یه‌ك و فه‌وجی سێ له‌ لیوای ١٨ـی پیاده‌ كرایه‌وه‌ كه‌ تایبه‌ت بوو به‌ ڕاهێنان له‌سه‌ر ئه‌و چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نیانه‌ی کە ئەو لیوایە وه‌ریانگرتووه،‌ ئه‌مه‌ش به‌ مه‌به‌ستی زیاتر شاره‌زابوون و ئاشنابوونیان به‌م چه‌كانه‌.
تایبه‌ت به‌ هه‌ماهه‌نگییه‌كانی نێوان وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ و هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی هه‌ماهه‌نگی و په‌یوه‌ندییه‌كانی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه له‌گه‌ڵ تیمی سه‌ربازیی هه‌نگاریا و‌ به‌ڕێوه‌به‌ری نووسینگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌ سه‌ربازییه‌كان له‌ كونسوڵگه‌ریی گشتیی هه‌نگاریا له‌ هه‌ولێر كۆبوونه‌وه‌ و هه‌ردوولا گفتوگۆیان له‌باره‌ی پلانی داهاتووی تیمی ڕاوێژكارانی سه‌ربازیی هه‌نگاریا له‌ هاوپه‌یمانییه‌تیی نێوده‌وڵه‌تی بۆ كاركردن له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ كرد و به‌رده‌وامیی په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ردوولا و هاوكاری و هه‌ماهه‌نگییه‌كانی هه‌ردوولا به‌گرنگ زانرا.
له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی هه‌ماهه‌نگی و په‌یوه‌ندییه‌كانی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ له‌گه‌ڵ فه‌رمانده‌یی هێزه‌كانی ئیتاڵیا كۆبوونه‌وه‌یه‌كی ئه‌نجام دا و شاندی هێزه‌كانی ئیتاڵیا ڕایانگه‌یاند “چالاكییه‌كانی ڕاوێژكارانی ئیتاڵی له‌ بواری مه‌شق و ڕاوێژكاری بۆ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ ده‌ستپێده‌كه‌نه‌وه‌”
هه‌ر سه‌باره‌ت به‌ كاری هاوبه‌شی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌، كۆبوونه‌وه‌یه‌كی هاوبه‌ش له‌نێوان به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی مه‌شقی سه‌ربازی و كۆمیته‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی خاچی سووری نێوده‌وڵه‌تی به‌ڕێوه‌چوو و تێیدا پلانی ساڵانه‌ی هه‌ماهه‌نگیی نێوان وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ و خاچی سوور تاووتوێ كرا و گفتوگۆش له‌باره‌ی یاسای ناكۆكیی چه‌كداری كرا و بیروڕای له‌باره‌وه‌ ئاڵوگۆڕ كرا.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری
١٣ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢