پاش ئەوەی بەنوێنەرایەتی ڕێزدار سەرۆك مەسعود بارزانی، فەلاح حەسەن جێگری سەرۆكی لاوانی سیاسی دیموكراتی ئەوروپا و جیهان لە كۆڕبەندی پارتە دیموكراتەكانی جیهان لە واشنتۆنی پایتەختی وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا بەشداری كرد و پەیامی پیرۆزبایی و سەركەوتنی سەرۆك بارزانی بە كۆڕبەندەكە گەیاند، ستیڤن هارپەر سەرۆكی پارتە دیموكراتەكانی جیهان و سەرۆكی پێشووی حكومەتی كەنەدا، سوپاسی سەرۆك بارزانی كرد لە گەیاندنی پەیامی پیرۆزباییان بۆ كۆڕبەندی پارتە دیموكراتەكانی جیهان و بەشداریی نوێنەری بەڕێزیان لە كۆڕبەندەكە.
لە بەیەك گەیشتنی لەگەڵ نوێنەری سەرۆك بارزانی، ستیڤن هارپەر لەڕێگەی فەلاح حەسەن سڵاوی بۆ جەنابی سەرۆك بارزانی و گەلی كوردستان و هێزی پێشمەرگە نارد.
هەر لەو دیدارە لەگەڵ نوێنەری سەرۆك بارزانی، ستیڤن هارپەر باسی سەردانی خۆی كرد بۆ كوردستان وەكو یەكەم سەرۆكی حكومەت كە بەفەرمی لە رۆژانی شەڕی داعشدا سەردانی هەرێمی كوردستانی كرد و لەلایەن سەرۆك بارزانیەوە پێشوازی لێكرا.
جێی باسە، كۆڕبەندی پارتە دیموكراتەكانی جیهان سێ رۆژی خایاند، تێیدا نوێنەرانی زیاتر لە 85 پارتی دیموكراتی جیهان و نوێنەری سەرۆك بارزانی بەشداریان كرد، نوێنەری سەرۆك بارزانی پەیامی سەرۆك بۆ سەرۆك بارزانی بە ستیڤن هارپەر و بەشداربووانی كۆنگرەكە گەیاند، لەگەڵ ئەوەشدا چەندین دیداری فەرمی لەگەڵ سەرۆكی حكومەتەكانی ئێستا و پێشووی هەریەكە لەوڵاتانی كەنەدا و بەریتانیا و نەرویژ و سلۆڤینیا و ئوستراڵیا و غانا و جامایكا و ئۆكراینا و ماڵدۆڤا، هاوكات لەگەڵ سەرۆكی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریكا و چەندین سیناتۆر و كۆنگرێسمان و وەزیرانی ئەو وڵاتانەی بەشداری كۆڕبەندەكەیان كرد.