چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

مەسرور بارزانی و باڵیۆزی یەکێتیی ئەوروپا لە عێراق کۆبوونەوە

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ڤيلله‌ ڤاريۆلا باڵیۆزی یەکێتیی ئەوروپا لە عێراق کۆبوونەوە و پەرەپێدانی هاریکاری و هاوئاهەنگیی لە نێوان هەرێمی کوردستان و یەکێتیی ئەوروپایان تاووتوێ کرد.

ماڵپەڕی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 13ی دیسێمبەر، مەسرور بارزانی سه‌رۆكى حکومەتی هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له ڤيلله‌ ڤاريۆلا باڵیۆزی یەکێتیی ئەوروپا لە عێراق کرد .

ئاماژە بەوەشدرا، لە دیدارەکەدا کە تۆرکیلد بیوک بەرپرسی نوێی نووسینگەی یەکێتیی ئەوروپا لە هەرێمی کوردستان ئامادەی بوو، سەرۆکی حکومەت پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی لێکرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست.

بو گوێرەی راگەیەندراوەکەی ماڵپەڕی حکومەتی هەرێمی کوردستان، تەوەرێکی سەرەکی کۆبوونەوەکە، تایبەت بوو بە پەرەپێدانی هاریکاری و هاوئاهەنگیی لە نێوان هەرێمی کوردستان و یەکێتیی ئەوروپا، بە تایبەتی پشتیوانیکردنی چاکسازییەکانی کابینەی نۆیەم لە بواری هەمەجۆرکردنی ئابووری و پشتگیریکردنی کەرتی کشتوکاڵ و دۆزینەوەی بازاڕی دەرەکی و هەناردەکردنی بەرووبوومی ناوخۆیی کوردستان بۆ بازاڕەکانی ئەوروپا، هەروەها باس لە گرنگیی چاکسازیکردن لە سیستەمی بانکی کوردستان و دەرفەتەکانی هاریکاریکردنی یەکێتیی ئەوروپا لەم بوارەدا کرا.

لە بەشێکی دیکەی گفتوگۆکانی کۆبوونەوەکەدا، چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی لەسەر بنەمای دەستوور تاووتوێ کرا.

لەمبارەیەوە مەسرور بارزانی خواستی هەرێمی کوردستانی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان دووپاتکردەوە و ئاماژەی بەوەدا، تەرخانکردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە بودجەی فیدراڵی بۆ ساڵی 2023 بە شێوەیەکی دادپەروەرانە و بەپێی رێژەی دانیشتووانی هەرێم و لە سەر بنەمای دەستوور، دەکرێت ببێتە دەستپێکێکی باش بە ئاراستەی چارەسەرکردنی بنەڕەتی سەرجەم کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی.