هەولێر دەیەوێ بەر لە ناردنی پڕۆژەیاسای بودجە بۆ پەرلەمانی عێراق، لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی ڕێک بکەوێت

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان چووەتەوە بەغدا بۆ چارەکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی ڕابردوو و ئەو کێشە و پرسە نوێیانەی لە نێوان بەغدا و هەولێر هاتوونەتە کایەوە، نوێترینیان پرسی بودجەی ساڵی داهاتووی عێراقە کە هێشتا لە لایەن حکوومەتی فیدراڵییەوە پەسند نەکراوە. هەولێر دەیەوێ بەر لە ناردنیڕەشنووسی بودجە بۆ پەرلەمانی عێراق، لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی ڕێک بکەوێت

لە خولە جیاجیاکانی دارشتنی بودجەی عێراق بە تایبەتی ساڵانی پێش ٢٠١٤ و بەر لەو دۆخە نالەبارە داراییەی بەسەر هەرێمی کوردستادا سەپا، ساڵانە بەر لە ناردنی پڕۆژەیاسای بودجە لە حکوومەتەوە بۆ پەرلەمان، حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکوومەتی بەغدا ڕێک دەکەوت و بەپێی پشکی خۆی مافەکانی دەستنیشان دەکرا و دواتر لە پەرلەمان دەنگی لەسەر دەدرا.
هەر لە دوای دامەزراندنی حکوومەتی فیدراڵی عێراقەوە لە ساڵی ٢٠٠٣ پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجە بەڕێژەی ١٧% دیاری کرا و ئەو ژمارەیەش دانرا تا ئەو کاتەی لە عێراق سەرژمێری دەکرێت و بە شێوەیەکی وردتر ڕێژەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان بەراورد بە عێراق دیاری دەکرێت. دوو دەیە بەسەر دامەزراندنی عێراقی فیدراڵ تێدەپەڕێت کەچی هیچ ئاسۆیەکیڕوون بۆ سەرژمێری دیار نییە.
هەرێمی کوردستان تا ساڵی ٢٠١٣ بە هەمان ڕێژە لە بودجەی عێراق سودمەند دەبوو، هەرچەندە ئەو کاتیش گلەیی لەوە هەبوو کە شایستە داراییەکانی پێشمەرگە و چەند بوارێکی تر خەرج ناکرێت. حکوومەتی عێراق هیچ کاتێک نەک ئەو شایستە داراییانەی بەتەواوی خەرج نەکرد، بگرە لە ساڵی ٢٠١٤ەوە بە تەواوی بودجەی هەرێمی کوردستانی بڕی.
حکوومەت بۆ ماوەی چەندین ساڵ هەرێمی کوردستانی لە مافەکانی خۆی بێبەش کرد و دواتر لە چوارچێوەی ئاساییکردنەوەی پێوەندییەکانی نێوان بەغدا و هەولێر ساڵانە بە رێککەوتن پشکێک بۆ بودجەی هەرێمی کوردستان دیاری دەکرا بەڵام کۆتایی بە ١٧%ەکە هێنرا و لایەنەکانی عێراق بەئاشکرا دەستووریان پێشێل کرد و پشکی بودجەی هەرێمی کوردستانیان تەنانەت بۆ خوارووی ١٣% دابەزاند.
نوێترین بودجە کە لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق کرابێت بۆ سەردەمی حکوومەتی مستەفا کازمی لە ساڵی ٢٠٢١ دەگەڕێتەوە کە بەیاسا پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجە دوای دەرکردنی پشکی سیادی، بۆ ١٢.٧٦% کەم کرایەوە. هەرچەندە بودجەکە لە پەرلەمان پەسند کرا بەڵام بە تەواوی جێبەجێ نەکرا و حکوومەتی عێراق تەنیا چەند مانگێک مافە دراییەکانی هەرێمی کوردستان بە گوێرەی ڕێککەوتنەکە دابین کرد بۆ مانگەکانی تر خۆی دزییەوە.
ساڵی ٢٠٢٢ عێراق بەبێیاسای بودجە بوو، بەڵام سوورە لەسەر ئەوەی بۆ ساڵی ٢٠٢٣ یاسای بودجەی هەبێت و ماوەی چەند هەفتەیەکە وەزارەتی درایی عێراق دەستی بە نووسینەوەی پڕۆژەکە کردووە و خوازیارە هەرچی زووە دوای پەسندکرانی لە لایەن ئەنجوومەنی وەزیران، بۆ پەرلەمانی ڕەوانە بکات بۆ ئەوەی خوێندنەوەی بۆ بکرێت.
ڕۆژی شەممە، شاندێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی دکتور ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران گەیشتە بەغدا بۆ ئەوەی سەبارەت بە چارەکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان بەغدا و هەرێم و پرسی بودجەی ساڵی ٢٠٢٣ لەگەڵ بەغدا دانوستان بکات.
ئەو بەر لە سەردانەکەی ڕایگەیاند: لەسەر فەرمانی مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، گەیشتنە بەغدا و لە چوارچێوەی دەستووری هەمیشەیی عێراق بە ئامانجی گەیشتن بە چارەکردەنی پرسەکانی، ماددەی ١٤٠، بودجە، دۆسیەی نەوت و گاز و شایستە داراییەکانی ھەرێمی کوردستان، لە گفتوگۆکان بەردەوامن.
بەشێک لە پەرلەمانتارە کوردەکان پێیان وایە دەبێ پشکی هەرێم لە بودجە بۆ ١٧% بگەڕێنرێتەوە و ژمارەیەکی تریش داوا دەکەن ئەگەر ئەو داخوازییەش سەری نەگرت ئەوا نابێت پشکی هەرێمی کوردستان لە ١٤% کەمتر بێت.
بەگوێرەی ئەو خەمڵاندنەی بۆ پڕۆژە بودجەی عێراق کراوە باس، لەوە دەکرێ قەبارەی بودجەکە بگاتە ١٤٠ تریلیۆن دینار و نرخی هەر بەرمیلێک نەوتیش لە نێوان ٦٥ تا ٧٥ دۆلار دەستنیشان بکرێت. هەر لە بودجەدا ئەو بڕە نەوتەش دیاری دەکرێ کە دەبێ هەرێمی کوردستان ڕەوانەی بکات.
جێی باسە پەرلەمانی عێراق لە پشوودایە و تا سەرەتای ساڵی نوێ حکوومەتی عێراق بۆی هەیە دەستکاری بڕگەکانی بکات و لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش ڕێک بکەوێت بۆ ئەوەی کێشە داراییەکانی پێوەندیدار بە کوردستان بەر لە تاوتوێکردنیان لە لایەن پەرلەمان چارە بکرێن.