نەجوا حەمید، ئەندامی پەرلەمانی عێراق: لە ناوچە کوردستانییەکاندا، شاڵاوی چڕی تەعریب بەردەوامە

نەجوا حەمید محەمەد، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، لە دیدارێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی ھەولێر ڕایدەگەیەنێت: لە ناوچە کوردستانییەکاندا شاڵاوی چڕی تەعریب بەردەوامە، بۆیە ئەگەر ئێستە ماددەی ١٤٠ جێبەجێ بکرێت، بە زیانی کورد تەواو دەبێت. دەشڵێ؛ لە ئەنجوومەنی نوێنەران بۆ جێبەجێکردنی ئەو ماددەیە لیژنە دروست دەکەین، بەڵام لەگەڵ ھەموو ئەمانەشدا، دەبێت کورد بە یەکگرتوویی ڕووبەڕووی ئەو شاڵاوە ببێتەوە.

ڕۆژ نییە لە ناوچەکانی سنووری ماددەی ١٤٠ شەڕ لە نێوان جووتیارانی کورد و عەرەبی ھاوردەڕوو نەدات. عەرەبە هاوردەکان بە پشتیوانی ھێزە عێراقییەکان، ستەم لە خەڵکی کورد دەکەن و زەوییەکانیان داگیر دەکەن. لەم چەندڕۆژەی دواییدا لە سنووری شارۆچکەی داقووق، شەڕ لە ‌نێوان عەرەبی هاوردە شەڕیان بە جووتیارانی کورد فرۆشتووە و لە ئەنجامدا چەند جووتیارێکی کورد برینداربوونە. سەبارەت بەم بابەتە، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، پەیامێکی بڵاو کردەوە تێیدا داوا لە بەرپرسانی عێراق دەکات بە پەلە کۆتایی بە پەلاماردان و دەستدرێژی کردنە سەر جووتیارانی کورد و هەوڵدان بۆ دەست بەسەرداگرتنی زەوییەکانیان بە شێوەیەکی نایاسایی، کە لەلایەن کەسانی دەستڕۆیشتووەوە ئەنجام دەدرێت، بهێنن.

  • بۆچی تەعریب لە کەروکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم بەردەوامە؟
  • بابەتی تەعریبی کەرکووک لای ھەمووان ئاشکرایە، لە دوای خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ تا ئێستە بەردەوامە و پرۆسەیەکی چڕی تەعریب دەستی پێکردووە، پۆستەکان لە دەستی کورد دەرھێنراون، زەوی و زاری جووتیارانی کورد دەستی بەسەردا گیراوە، دەستدرێژیی دەکرێتە سەر کورد، خەڵکی دەرەوەی کەرکووک، بە ماڵ و منداڵەوە، بە پشتگیریی ڕاکان جبووری ھێنراونەتە نێو شارەکە. ئەوەش وای کردووەڕۆژ بەڕۆژ پرۆسەی تەعریب لە سنووری ماددەی ١٤٠ بەردەوام بێت. دەبێتڕێگایەک بدۆزینەوە، بۆ ئەوەی دانیشتوانی ڕەسەنی کەرکووک بۆ عەرەبی هاوردە شارەکەیان چۆڵ نەکەن و موڵک و ماڵیان داگیر نەکرێن.

*سوودانی ھەندێک بەڵێنی داوە، پێتانوایە بەڵێنەکانی جێبەجێ بکات؟

  • ماددەی ١٤٠ لە دەستووری عێراقدا ھەیە، بەڵام ئەوە چەندین خولە ئەو ماددەیە سڕ کراوە و کاری پێ ناکرێت. بەڵام لەم خولەدا داوامان کردووە دەبێت ھەر چۆنێک بێت جێبەجێ بکرێت. پێش دەستنیشانکردنی سەرۆکوەزیران لەسەر ئەوە ڕێککەوتن کراوە، لەڕێککەوتنەکەدا ماددەکە ھەیەو دەبێت جێبەجێ بکرێت. سەرۆک وەزیرانیش بەڵێنی داوە ماددەکە جێبەجێ بکات، بڕیاریشە لە پەرلەمان لیژنەیەک پێک بێت، ئەندامانی ھەر پارێزگایەک لەو لیژنەیە ئەندام بن.
  • کەواتە پێتوایە حکوومەتی ئەمجارە نییەتی چارەکردنی کێشەکانی ھەیە؟
  • لەم خولەی پەرلەمان و لە کاتی پێکھێنانی حکوومەت ڕێککەوتن کراوە و لە پەرلەمان دەنگی لەسەر دراوە و لەسەر حکوومەت بۆتە ماڵ و دەبێت جێبەجێ بکات، لە پەرلەمانیش کەسانی نوێ هاتوونەتە پێش زۆربەیان لەگەڵ ئەوەن کە کێشەکانی ھەولێر و بەغدا چارە بکرێن، بەتایبەتی ماددەی ١٤٠. سەرۆککۆمار گۆڕاوە، ئەویش لەگەڵ ئەوەیە ماددەکە جێبەجێ بکرێت و چارەی ھەموو ئەو کێشانە بکرێت کە لە نێوان ھەولێر و بەغدا دەمێکە بە ھەڵواسراوی ماونەتەوە.
  • ئەو تەعریبەی ئێستا دەکرێت، زۆر لەوە زیاترە کە لەسەردەمی ڕژێمی بەعس کراوە، ئایا ئەگەر ماددەکە جێبەجێ بکرێت، بە زیانی کورد تەواو دەبێت؟
  • بێگومان وایە، ئەگەر ئێستە ماددەکە جێبەجێ بکرێت بە زیانی کورد تەواو دەبێت، بەڵام ئێمە لیژنە دروست دەکەین، کارەکانی ئەو لیژنەیە ئەوەیە بەدواداچوون بۆ ئەو مەلەفانە بکات، ئاماری پێویست و ڕاست کۆبکاتەوە. بۆ نموونە: پێشتر دانیشتوانی شاری کەرکووک چەند بوونە و ئێستا بوونەتە چەند؟ چەند عەرەبی ھاوردە هێنراونەتە شارەکە؟ ئیش و کاریان چییە و دەیانەوێت چی بکەن؟ دەبێت ھەموو ئەمانە دیراسە بکرێن، ئەو کات لیژنە بڕیار دەدات.
  • ئەرکی حکوومەتی ھەرێم و سەرکردایەتی کورد، سەبارەت بەم بابەت چییە؟
  • ھەرێمی کوردستان ئەوەی لە توانایدا بووە بۆ جێبەجێ کردنی ماددەی 140 کردوویەتی، ئێمەش وەکو ئەندامانی کورد لە بەغدا دەبێت بەیەکگرتوویی ڕووبەڕووی ھەر شتێک ببینەوە کە بە زیانی کورد تەواو دەبێت، ئەوەشمان کردووە. زۆر گرنگە کورد یەکگرتوو بێت، بۆ ئەوەی کۆی کێشەکانی ھەولێر و بەغدا چارەسەر بکرێن و کورد بە مافە دەستوورییەکانی خۆی بگات”.