هەرێمی کوردستان و یۆنان پەرە بە پەیوەندییەکانیان دەدەن

سەفین دزەیى، بەرپرسى پەیوەندییەکانى دەرەوەی حکوومەتی هەرێمى کوردستان، پێشوازى لە گۆرگیس ئەلمانۆ، باڵیۆزى تازەى یۆنان لە عێراق کرد کە بە بۆنەى دەستبەکاربوونى، سەردانى هەرێمى کوردستانى کردووە. 
لە کۆبوونەوەکەدا کە کونسوڵی گشتیی یۆنان لە هەرێم ئامادەبوو، سەفین دزەیی وێڕاى پیرۆزباییکردن لە باڵیۆز بە بۆنەى دەستبەکاربوونى لە عێراق، ئاماژەی بە پەیوەندیى دۆستانەى هەرێمى کوردستان لەگەڵ یۆنان کرد و ئاماژەی بەوە دا “بنچینەى پەیوەندییەکان لە ڕێگەى بوونى نوێنەرایەتیی دیپلۆماسی و کونسوڵگەریى گشتیی یۆنان لە هەرێمى کوردستان لە بوارى کولتوورى و بازرگانى و ئابوورى پێشخراون‌، پێویستیشە بایەخی زیاتر بە فراوانکردنى پەیوەندییەکان بدرێت.”
لە تەوەرەیەکى دیکەى کۆبوونەوەکەدا تیشک خرایە سەر ئەو بوارانەى کە جێى بایەخى هەرێمى کوردستانن، بۆ ئەوەى زیاتر پەرەىان پێبدرێت و سوود لە ئەزموون و شارەزاییە جیاجیاکانی وڵاتی یۆنان ببینرێت. هاوکات تیشک خرایە سەر هەماهەنگیی فرەلایەنەی هەردوولا.