وەزارەتی دارایی و ئابووری خه‌رجی دامه‌زراوه‌كانی حكومه‌ت راده‌گرێت

 

وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووریی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، گشت خەرجی دامه‌زراوه‌كانی حكومه‌ت رادەگیرێت جگەلە خەرجییەکانی مووچە، پێشینەی خەرجکراوی مانگانە، کرێی مانگانە، خاوێنکردنەوە و خواردن.

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ (11ـی كانوونی یه‌كه‌م/دیسێمبه‌ری 2022)، وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووریی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، رێنمایی ژماره‌ (20)ـی ساڵی 2022ـی بڵاوكرده‌وه‌ بۆ پاكتاوكردنی ژمێریارییه‌كان سه‌رجه‌م خه‌رجییه‌كان لە رێکەوتی (15/12/2022)ه‌وه‌ بۆ ساڵی دارایی 2022 راده‌گرێت.

به‌گوێره‌ی‌ رێنماییه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووریدا، بەمەبەستی دیاریکردنی هەلی گونجاوە بۆ یەکە ژمێریارییەکانی بەستراو و نەبەستراو بە وەزارەتەکان، بۆ پاکتاوکردنی ژمێریارییەکان و گەیاندنیان بۆ وەزارەتەکه‌یان، چه‌ند بڕیارێكی ده‌ركردووه‌.

وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری بڕیاریداوه‌ به‌ راگرتنی سیستمی ئەلیکترۆنی بەڕێوەبردنی دارایی کوردستان (KFMS) لە رێکەوتی دەرچوونی ئەم رێنماییە تاکو کردنەوەی خەرجی لە ساڵی دارایی 2023.

هه‌روه‌ها له‌ رێنماییه‌كه‌دا ئاماژه‌ به‌وه‌شكراوه‌، جگەلە خەرجییەکانی (مووچە و پێشینەی خەرجکراوی مانگانە و کرێیەکانی مانگانە و خاوێن کردنەوە و خواردن)، بڕیاردراوه‌ به‌ راگرتنی زیادکردنی پێشینەی بەردەوامی مانگانە به‌ڵام ئه‌م راگرتنه‌ تەموویلکردنی تایبەت بە پرۆژەکانی وەبەرهێنان و پەرەپێدانی پارێزگاکان ناگرێتەوە.

سه‌باره‌ت بەو نووسراوانەی رەزامەندی خەرجی وەزارەتی دارایی و ئابوورییان هەیە لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ژمێرکاری/بەڕێوەبەرایەتی خەرجییەکان، رێنماییه‌كه‌ روونیكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ ئه‌و نووسراوانه‌ ئاڕاستەی گەنجینەکان دەکرێت و رێکەوتی دەرکردنیان دەکەوێت پێش (16/12/2022) جێبەجێ دەکرێن و راناگیرێن، هه‌روه‌ها ئەو نووسراوانەی داخڵی سیستەمکراون و کاریان لەسەر نەکراوە، لە ساڵی نوێ کاریان لەسەر دەکرێت.

وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری بڕیاریشیداوه‌، لە رێکەوتی دەرچوونی ئه‌م رێنماییەوە هیچ داواکارییەکی خەرجی له‌لایه‌ن دامه‌زراه‌وه‌كانی حكومه‌ته‌وه‌ ئاراستەیان نەکرێت.

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌، وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری داوای له‌ گشت وه‌زاره‌ت و قه‌رمانگه‌كانی نه‌به‌ستراو به‌ وه‌زاره‌ته‌كان كردووه‌ پابه‌ندبن به‌ داخستنی ژمێرەی مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی 2022 لە رێکەوتی (31/12/2022)، هه‌روه‌ها تاوه‌كو رێكه‌وتی (31/1/2023) گشت ژمێرەکانی کۆتایی بنێرێن بۆ بەڕێوەبەرایەتی گشتی ژمێرکاری له‌ وه‌زاره‌تی ناوبراو، لە ئه‌گه‌ری نەناردن یاخود دواکەوتنیشی بەڕێوەبەری ژمێریاری بەرپرس دەبێت.

له‌ خاڵی كۆتایی رێنماییه‌كه‌شدا، ئاماژه‌ به‌وه‌كراوه‌ كه‌ ئەم رێنماییە لە رێکەوتی (15/12/2022)ـه‌وە کاری پێدەکرێت و لە رۆژنامەی وەقائعی کوردستان بڵاودەکرێتەوە.