منداڵێک لە سلێمانی پەتێک لە ملی دەئاڵێت و گیانلەدەستدەدات

 – سلێمانی:

منداڵێک لە سلێمانی پەتێک کە سۆندەی موغەزیی پێهەڵواسراوە، لە ملی دەئاڵێت و دوای رۆژێک مانەوە لە نەخۆشخانە گیانلەدەستدەدات.

سەرکەوت ئەحمەد گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند، دوێنێ شەممە خوشکی منداڵەکە نەخۆش بووە و دایکی بە مەبەستی چارەسەرکردنی بردوویەتییە نەخۆشخانە، لەو کاتەدا منداڵەکە لە قوتابخانە گەڕاوەتەوە و ئەو پەتەی لە مل ئاڵاوە کە بۆ هەڵواسینی ئاوی موغەزی خوشکەکەی بەکارهاتووە.

ئاماژەی بەوەشکرد، منداڵە نەیتوانیوە پەتەکە لە ملی بکاتەوە  تا ئەوکاتەی دایکی گەڕاوەتەوە و بە پەلە بردوویەتییە نەخۆشخانە.

گوتیشی، دوای مانەوەی بۆ ماوەی شەوێک لە نەخۆشخانە، ئەمڕۆ منداڵەکە بەهۆی نەمانی ئۆکسجین و لەکارکەوتنی مێشکییەوە گیانی لەدەستداوە.

بە گوتەی وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی، ئەو منداڵەی گیانیی لە دەستداوە تەمەن 11 ساڵان بووە و دایکەکەش دوو منداڵی هەیە و هاوژینی نەماوە.

ھەواڵی زیاتر