سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بەبۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی ئافرەتانی کوردستانەوە، پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت: یەکێتیی ئافرەتان لە ساتی دامەزراندنییەوە هەڵقووڵاوی کۆژانی ژنانی کوردستان بووە.
رێواز فایەق سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، ئەمڕۆ یەکشەممە (11ی کانوونی یەکەمی 2022) پەیامێکی پیرۆزبایی بەبۆنەی یادى 70 ساڵەی دامەزراندنی یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان بڵاوکردەوە و لە پەیامەکەدا هاتووە: “جوانترین پیرۆزبایی خۆمان ئاراستەی سکرتێر، سكرتاریهت و ئەندامانى ئەو رێکخراوە خەباتکاره دێرینە دەکەین. ھیوای سەركەوتن و پێشكەوتنی بەردەوامتان بۆ دەخوازین لە كارەكانتاندا و ئومێد دەكەین ئەم یادە شكۆدارە وەرچەرخانێكی كاریگەر بێت لە رەوتی بەرەوپێشەوەچوونی ئیش و كار و چالاكییەكانتان”.
سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان ئاماژەی بەوەشداوە، کە یەکێتیی ئافرەتان لە ساتی دامەزراندنییەوە هەڵقووڵاوی کۆژانی ژنانی کوردستان بووە و لێبڕاوانە لە مەیدانی خەبات و تێكۆشاندا بەردەوام بووە، بۆ هێنانەدیی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی، یەکسانی و پاراستنی شکۆ و گەورەیی ئافرەتان.
یەکێتی ئافرەتانی کوردستان، رێکخراوێکی جەماوەری مەدەنی ئافرەتانی کوردستانە، لە ساڵی 1952 دامەزراوە، بە ئامانجی داکۆکیکردن و دەستبەرکردنی سەرجەم مافەکانی ئافرەتان و بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیارییان و چارەسەرکردنی کێشەکانیان.