سه‌فین دزه‌یی بۆ كوردستان: هه‌واڵی بایكۆتكردنی حكومه‌تمان له‌لایه‌ن تیمی یه‌كێتییه‌وه‌ ته‌نها له‌ راگه‌یاندنه‌كان بیستووه‌

 

به‌رپرسی فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، ته‌نها له‌ راگه‌یاندنه‌كانه‌وه‌ هه‌واڵی بایكۆتكردنی حكومه‌ت له‌لایه‌ن تیمی یه‌كێتییه‌وه‌یان بیستووه‌ و به‌فه‌رمی ئاگاداری هیچ هه‌نگاوێكی له‌وجۆره‌ نین.

ئه‌مڕۆ هه‌ینی (9ـی كانوونی یه‌كه‌م/دیسێمبه‌ری 2022)، سه‌فین دزه‌یی، به‌رپرسی فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان سه‌باره‌ت به‌ بایكۆتكردنی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌لایه‌ن تیمی یه‌كێتییه‌وه‌ ئاشكرایكرد، به‌ فه‌رمی ئاگاداری ئه‌و بڕیاره‌ی یه‌كێتی نین و هیوادارین راستیش نه‌بێت چونكه‌ پێویسته‌ حكومه‌ت له‌ خزمه‌تكردنی خه‌ڵك و پێشكشه‌كردنی باشترین خزمه‌تگوزاری به‌ هاووڵاتییان به‌ باشترین شێوه‌ به‌رده‌وامبێت.

سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵوێستی كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌ر ناكۆكی سیاسی نێوان لایه‌نه‌كان، سه‌فین دزه‌یی روونیكرده‌وه‌، تاكو ئێستا كابینه‌ی نۆیه‌م تاكه‌ لایه‌نبوو كه‌ كێشمه‌كێشی سیاسی له‌ ده‌ره‌وه‌ی حكومه‌ت، كاریگه‌ری نه‌رێنی له‌سه‌ر كابینه‌كه‌ دروستنه‌كردبوو، له‌ رابردووشدا، به‌هۆی په‌یوه‌ندی باشی نێوان سه‌رۆكی حكومه‌ت و جێگره‌كه‌ی تواندراوه‌ حكومه‌ت‌ به‌دووربگیرێت له‌و كێشمه‌كێشه‌ سیاسییه‌ی له‌نێوان لایه‌نه‌كان هه‌بووه‌.

هه‌روه‌ها سه‌فین دزه‌یی ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، ئه‌گه‌ر گرفتێك له‌ حكومه‌ت هه‌بێت ئه‌وا ده‌تواندرێت له‌ چوارچێوه‌ی كۆبوونه‌وه‌كانی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران چاره‌سه‌ربكرێن و ئه‌گه‌ر كێشه‌یه‌كی سیاسیش هه‌یه‌ ده‌كرێت له‌چوارچێوه‌ی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان گفتوگۆی له‌سه‌ر بكرێت و چاره‌سه‌ربكرێن و كاریگه‌ری له‌سه‌ر حكومه‌ت نه‌بێت و بتوانێت حكومداری خۆی له‌ هه‌رێمی كوردستان بكات.