له‌ بنه‌سڵاوه‌ ئه‌فسه‌رێكی پاسه‌وانی پاڵاوتگه‌ نه‌وتییه‌كان كوژرا

دوای نوێژی نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ هه‌ینی (9ـی كانوونی یه‌كه‌م/ دیسه‌مبه‌ری 2022)، له‌ بنه‌سڵاوه‌، جێگری فه‌رمانده‌ی فه‌وج له‌ هێزه‌كانی پاسه‌وانی پاڵاوتگه‌ نه‌وتییه‌كان درایه‌ به‌ر ده‌ستڕێژی گولـله‌ و كوژرا.

سه‌رچاوه‌یه‌كی نزیك له‌ رووداوه‌كه‌ رایگه‌یاند، كوژراوه‌كه‌ ناوی ئه‌سعه‌د رەئوف حەمەده‌ و جێگری فه‌رمانده‌ی فه‌وج بووه‌ و دوای كوژرانی ته‌رمه‌كه‌ی ره‌وانه‌ی پزیشكی دادی هه‌ولێر كراوه‌.

له‌و باره‌یه‌وه‌ بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر روونكردنه‌وه‌یه‌كی بڵاوكرده‌وه‌ و تێیدا رایگه‌یاندووه‌، لە لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکاندا دەرکەوتووه‌، کە ئەفسەرێکی پۆلیسی نەوت و غاز بە پلەی مقەدەم بەناوی “ئه‌سعه‌د رەئوف حەمەد”، تەمەن (48 ساڵ) دەستڕێژی گولـلەی لێکراوە و لە ئەنجامدا گیانی لەدەستداوە.

هه‌روه‌ها هاتووه‌: لە ئێستادا تەرمەکە گەیەندراوەتە پزیشکی دادی و هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر و هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر لە لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن بۆ دەستگیرکردنی تۆمەتباران تاوەکو ڕادەستی دادگایان بکەن.