لە كاتێكدا حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەوڵی جێبەجێكردنی یاسا و مسۆگەركردنی ئاییندەی هەرێمی كوردستان دەدات، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ناڕەزایی دەردەبڕێ و دەیەوێ چاوپۆشی لە تاڵانكردنی داهات و تیرۆركردنی خەڵك بكرێت، لە چوارچێوەی هەوڵەكانیشی دژی سەروەریی یاسا، بە فەرمانی قوباد تاڵەبانی، هێزی دەمامكدار چوونەتە سەر تاپۆی چەمچەماڵ.
چەند ڕۆژێكە میدیای یەكێتی لە ڕێگەی راپۆرتی چەواشەكارانەوە، هەڵمەتێكی بڵاوكردنەوەی درۆ و زانیاریی ناڕاستیان لە دژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەست پێكردووە و هەرچی بە خەیاڵی خۆیان و سەرۆكایەتییە داڵدەدەری تیرۆرەكەی یەكێتیدا دێت، بڵاو دەكەنەوە.
بۆچی پەلاماری حكوومەت دەدرێ؟
لەمبارەیەوە بەختەوەر سەپان، چاودێری سیاسی بە راگەیاند، هەندێك کادیر و سەركردە و میدیای یەکێتی بەردەوامن لە هەڵمەتی چەواشەکارانە بەرامبەر بە كابینەی نۆیەمی حكوومەت، چونكە ڕوونە كە حكوومەت چاوپۆشی لە کارە تیرۆریستی و قێزەونەكانی یەكێتی ناكات و گەندەڵی و مافیاگەراییەكانی یەكێتی كە لە سلێمانی دەیكەن، پەردەپۆش ناکات و ڕێگەشی لە کارە چەوتەکانی دەسەڵاتدارانی ئێستای یەكێتی گرتووە، بۆیە هاواریان لێ هەڵساوە.
لە لایەن خۆیەوە وەیسی سەعید، ئەندامی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان بە راگەیاند: ”یەكێتی چاوی بەو پێشکەوتنانە هەڵنایەت کە كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە سایەی سیاسەتی حەكیمانەی سەرۆكی حکوومەت بەدەست هاتووە، هەر رۆژە و بە بیانوویەک دەیانەوێ لە دەستکەوتەکان کەم بکەنەوە، لە كاتێكدا حكوومەت ڕۆژانە دەستكەوتی گرنگ و گرنگتری هەیە، كەچی ئەوان بە شەڕەقسە دەیانەوێ خەڵكی ئو دەستكەوتانە نەبینن.“
هەڵكوتانە سەر فەرمانگەی تاپۆ بە فەرمانی قوباد تاڵەبانی بووە
بەپێی ئەو زانیارییانەی لە سەرچاوەیەكی تایبەتەوە دەستی كەوتووە، هەڵكوتانە سەر فەرمانگەی تاپۆی چەمچەماڵ بە فەرمانی قوباد تاڵەبانی بووە کە خۆی بە کەسێکی ئارام پێشان دەدات، بەڵام لە ژێرەوە زۆربەی پیلانە چەوتەكانی یەكێتی دادەنێت.
لە لایەن خۆیەوە عەلی مام ئەنوەر، چالاك لە چەمچەماڵ بە ڕاگەیاند، ئەو پەلامارە لە لایەن یەكێتییەوە كراوەتە سەر فەرمانگەكە و بۆ بەرژەوەندیی حزبی بووە، بەڵام دەستدرێژییەكی زەقە.
گوتیشی: ”یەكێتی لە هەر بارودۆخێكدا بێت، پێویست ناكات خەڵكی دەمامکدار بنێرنە سەر فەرمانگەی حكوومی، لە كاتێكدا ڕێگەی ئیداری و یاسایی هەیە كە دەكرێ بگیرێتە بەر ئەگەر بە كردەیی مافێكی رەوا لە پشت داواكانیان هەیە، بەڵام ئەم جۆرە رەفتارە دەریدەخات كە نیازێکی خراپ لە پشت ئەم دەستدرێژییەوە هەیە.“
جەختیشی كردەوە كە یەكێتی بە پەلاماردانی موڵكی گشتی جگە لەوەی هەڵەیەكی دیكەی گەورەی كردووە، سووكایەتیشی بە هێزەكانی خۆی كردووە لە چەمچەماڵ، چونكە ئەو شارۆچكەیە ئاسایش و پۆلیس و دونیایەك هێزی ئەمنی لێیە و سەرجەمیان لە یەكێتی فەرمان وەردەگرن، كەچی حزبەكەیان حیسابی بۆ نەكردن و بە بەرچاویانەوە یاساشكێنییەكی گەورەی كرد.