مەسرور بارزانی لە ئیتاڵیاوە نامەیەکی پێگەیشت

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان نامەیەکی لە جۆرجیا میلۆنی، سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیاوە پێگەیشت، کە تێیدا خواستی وڵاتەکەی بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان دووپاتکردەوە.

لە نامەکەی سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا ئاماژە بەوەدراوە، پەیوەندی دۆستانەی نێوان ئیتاڵیا و هەرێمی کوردستان، مێژوویەکی دوور و درێژی هەیە و هەردوولا هاوبەشن لە رووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەکانی بەردەم ئاسایش و سەقامگیریی.

جۆرجیا میلۆنی لە نامەکەیدا، خواستی وڵاتەکەی بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان دووپاتکردەوە، بەتایبەتی پەرەپێدانی پەیوەندی دوولایەنە لە بوارەکانی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و کشتوکاڵ و وزە.  

سەبارەت بە پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق، سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا ئومێدەوارە کە پێکهێنانی حکومەتی نوێ، ببێتە هۆی بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لەپێناو گەیشتن بە ئامانجی هاوبەش کە ئاشتی و گەشەپێدان و خۆشگوزەرانییە.  

سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیا لە کۆتایی نامەکەیدا بۆ مەسرور بارزانی نووسیوە: “چاوەڕوانم لە دەرفەتێکی نزیکدا بتانبینم و لەگەڵتان کۆببمەوە”.