پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

سەرۆکی حکوومەت: په‌ره‌پێدان به‌ كه‌رتى زانست كارى له‌پێشینه‌مانه‌

ئه‌مڕۆ به‌ ئاماده‌بوونی مه‌سرور بارزانی، بۆ یه‌كه‌مجار له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، لقی زانكۆی نێوده‌وڵه‌تی له‌نده‌ن له‌ شاری هه‌ولێر به‌ردی بناغه‌ی دانرا.

ئه‌مڕۆ هه‌ینی 8/12/202022، به‌ ئاماده‌بوونی مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، به‌ردی بناغه‌ی زانكۆی له‌نده‌ن له‌ شاری هه‌ولێر دانرا، كه‌ ده‌بێته‌ یه‌كه‌م لقی ئه‌و زانكۆ نیوده‌وڵه‌تییه‌ له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست. له‌ میانه‌ی به‌ڕێوه‌چوونی رێوڕه‌سمه‌كه‌شدا سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان وتارێكی گرنگی پێشكه‌ش كرد كه‌ ئه‌مه‌ ده‌قه‌كه‌یه‌تی:

بەڕێزان هەمووتان زۆر زۆر بەخێر بێن و بەیانیتان باش زۆر زۆر خۆشحاڵم كە ئەمڕۆ بەیەكەوە لێرەین بۆ دانانی بەردی بناغەی زانكۆی بەریتانیی نێودەوڵەتی لە هەولێر لە هەرێمی كوردستان. پەرەپێدان و گرنگیدان بە خوێندنی باڵا و دروستكردنی ناوەندە زانستییەكان ئاماژەیەكی روونە بە هۆشیاریی نەتەوە و كۆمەڵگەكەمان. خۆشحاڵم كە دەبینین ڕۆژ بە ڕۆژ ئاستی خوێندن لە هەرێمی كوردستان بەرەوپێشەوە دەڕوات. دروستكردنی ئەم جۆرە ناوەندە زانستیانە، ئەم جۆرە زانكۆیانە بێگومان یارمەتیدەر دەبێت لە بەرزكردنەوەی ئاستی هۆشیاری و زانستی و ئەكادیمی لە هەرێمی كوردستاندا. لێرە جێی خۆیەتی من سوپاسی خاتوو لاجان و دكتۆر كۆدۆ بكەم، وە هەموو ئەو بەڕێزانەی تر كە لەگەڵ ئەم بیرۆكەیە بوون و ئەم ڕوئیایەیان كرد بە كرد و لێرە بەردی بناغەی ئەم زانكۆیە دادەنێین. هەروەها جێی خۆیەتی من سوپاسی بەڕێز سەركونسوڵی شانشینی یەكگرتوو بكەم، هەروەها سوپاسی باڵوێز بكەم، سوپاسی هەموو ئەو بەرپرسە باڵایانەی كە لە لەندەن یەكترمان بینی، بكەم، كە هەموویان بە پەرۆشەوە بوون بۆ دروستكردنی ئەم پرۆژەیە. هەروەها سوپاسی وەزارەتی خوێندنی باڵا دەكەم كە دەورێكی سەرەكی و كاریگەری هەبووە لە ئەنجامدانی ئەم پرۆژەیە.

ئێمە چەندین زانكۆی ترمان هەیە، هەر زانكۆیەك لە كوردستان بەپێی توانا و شارەزایی و پسپۆڕیی خۆی توانیویەتی كاریگەرییەكی ئەرێنی لەسەر كۆمەڵگەكەمان دروست بكات، دڵنیام ئەم زانكۆیەش دەتوانێت جێی دەستی خۆی دیار بكات و بەشێكی تر بێت لەم پرۆژە زانستییەی لە هەرێمی كوردستان كە دەستمان پێی كردووە. حكوومەتی هەرێمی كوردستان پەرەپێدانی بە كەرتی زانست كردۆتە بەشێك لە كارە هەرە لەپێشینەكانی خۆی، ئێمە هەموو هەوڵێكمان داوە بۆ ئەوەی یارمەتیی پەروەردە و خوێندن و زانستە ئەكادیمییەكان و ناوەندەكانی بەرزی ئەكادیمی لە هەرێمی كوردستان بدەین. بێئاگاش نین لەوەی كە كێشەمان هێشتا زۆرە، كێشەی نیشتەجێبوونی قوتابی بێت، یان كێشەی گرنگیدان بە خواست و ویستەكانی مامۆستایان و ناوەندە ئەكادیمییەكان بێت، بەڵام بەڕێزان لەبیرمان نەچێت كە تموحی ئێمە و داواكاری و پێداویستییەكانی ئێمە تا ئێستا زیاترن لەو ئیمكانیاتانەی كە لەبەردەستی ئێمەن، بەڵام ئێمە ناوەستین و هەوڵ دەدەین هەرچیمان كردبێت، ئەو پێداویستییانەی كە زەروورن بۆ پشتیوانیكردن لەم كەرتە دابین بكەین و حكوومەت بەردەوام پاڵپشتێكی سەرسەختی ئەم كەرتە دەبێت. من نامەوێ زۆر لە كاتی ئێوە بگرم، بەڵام جارێكی تر دەمەوێ ئاماژە بەوە بدەم كە ئەم زانكۆیە وەكوو لقێك لە زانكۆی لەندەن كە زانكۆیەكی ناوداری نێودەوڵەتییە، هیوادارم بتوانێت خزمەتێكی زیاتری خوێندن و زانست لە هەرێمی كوردستاندا بكات. لێرە جێی خۆیەتی من ئاماژە بە خاڵێكی تر بدەم مادام فورسەت هەیە، باسی ئەوە بكەم كە ئێمە لە هەوڵەكانی خۆمان بۆ باشتركردنی دۆخی هەرێمی كوردستان بەردەوامین، بە تایبەتی لە گفتوگۆكانمان لەگەڵ حكوومەتی فیدرالی بەردەوامین و شاندەكانمان بەردەوام سەردانی بەغدا دەكەن، بۆ گەیشتن بە چارەسەری گونجاو بۆ هەموو ئەو خاڵانەی كە تاكوو ئێستا كێشەن یاخود چارەسەری گونجاوی بۆ نەدۆزراوەتەوە. شاندەكانی ئێمە بەردەوام دەبن لە سەردانیكردنی بەغدا، هیوادارین هەردوولا شاند ئاڵوگۆڕ بكەن تاكوو دەگەینە ئەنجامێك لە كاتێكی دیاریكراودا، چارەسەركردنی گرفتەكان لەهەر كەرت و هەر سێكتەرێكی تر بێت، بێگومان یارمەتیدەرێكی زۆر دەبێ بۆ پەرەپێدانی دۆخی هەرێمی كوردستان لە هەموو ڕوێكەوە، بۆیە ئێمە ناوەستین، ئێمە ئومێدمان زۆرە كە بە پشتیوانیی خوا و ئێوەی خۆشەویست، بەبێ ئەوەی سازش لەسەر هیچ مافێكی دەستووریی خۆمان بكەین، داكۆكی لەسەر دابینكردنی هەموو ماف و پێداویستییەكانی خەڵكی خۆمان دەكەین. جارێكی تر بەخێرهاتنی هەمووتان دەكەم، تەمەننای سەركەوتن دەكەم، هیوادارم ئەم زانكۆیە سەركەوتوو بێت و كوردستانیش هەر ئاوەدان بێت.