رزگار سارتكه‌یی بۆ بێستوون سابووراوایی: رێگا ناده‌ین سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ دەردی كەركووك ببەن

به‌رپرسی لقی 21ی پارتی دیموكراتی كوردستان، وه‌ڵامی ئه‌ندامێكی سه‌ركردایه‌تیی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان ده‌داته‌وه‌ دەڵێت،‌ هات و هاوار و هێرشكردنه‌ سه‌ر حكوومه‌ت دوو شت لە بیری خه‌ڵكی كوردستان ناباته‌وه‌، یه‌كه‌م، ئه‌و خیانه‌تەی له‌ 16ی ئۆكۆتبه‌ر به‌ سه‌رۆكایه‌تیی بافڵ تاڵه‌بانی كرا، دووه‌م ئه‌و تیرۆره‌ی له‌ شاری هه‌ولێر ئه‌نجام درا و عه‌قید هاوكار جاف شەهید كرا.

بێستوون سابوراوایی، ئەندامی سەركردایەتیی یەكێتی كە یەكێكە لەوانەی بە چڕی هەوڵی لابردنی سەرنجی خەڵكی لەسەر تاڵانی داهاتی سلێمانی و كەیسی تیرۆركردنی هاوكار جاف دەدات، لە دوایین لێدوانیدا بۆ میدیای چەواشەكاری حزبەكەی، ئۆباڵی خراپیی دۆخی سلێمانی كە دەرئەنجامی سیاسەتە شكستخواردووەكەی یەكێتییە، خستۆتە ئەستۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان. 

لە بەرامبەردا رزگار سارتكه‌یی، به‌رپرسی لقی 21ی پارتی دیموكراتی كوردستان لە سلێمانی گوتی: “كاكه‌ بێستوون خۆتان شه‌ریكه‌ حكوومه‌تن، هێنده‌ی پارتی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی و وه‌زیرتان هه‌یه‌، ئه‌گه‌ر به‌پێی كورسییه‌كانتان مامه‌ڵه‌تان له‌گه‌ڵ بكرابایه،‌ ئێستا دۆخه‌كه‌ ئاوا نه‌ده‌بوو، له‌م كابینه‌یه‌ ده‌ستی دزی و مافیاگه‌ری بڕا، بۆیه‌ نیگه‌رانن، له‌م كابینه‌یەدا سیسته‌می مووچه‌ رێكخرا‌ و حكوومه‌ت نه‌ڕووخا، بۆیه‌ نگیه‌رانن، له‌م كابینه‌یەدا‌ به‌ خه‌ڵك پیشان درا ناكرێت بودجه‌ی سلێمانی بدزرێت و بودجه‌ی شاره‌كانی دیكه‌ش بۆ سلێمانی بچێت و ئه‌ویش بدزرێت و نه‌درێته‌ خه‌ڵك، ئه‌م حكوومه‌ته‌ به‌ خوێنی هه‌زاران شه‌هید هاتووه‌ته‌وه‌ دی، به‌ قسه‌ی باقوبریق و له‌پشته‌وه‌ خه‌نجه‌رلێدان له‌ناو ناچێت، راسته‌ له‌ كه‌ركووك بۆتان چووه‌ سه‌ر و فرۆشتتان، به‌ڵام خه‌یاڵتان خاوه، رێگا ناده‌ین سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه‌ش به‌و ده‌رده‌ به‌رن.“

گوتیشی: ”هەڵسەنگاندن بۆ حكوومه‌ت ئاوا نابێت، به‌رپرستان به‌یانییان له‌ خه‌و هه‌ستێت و به‌ میزاج هێرش بكاته‌ سه‌ر فلانه‌ وه‌زیر، چونكه‌ له‌ كوتله‌ی ئه‌و نه‌بووه،‌ یان داوای گۆڕینی فڵانە وه‌زیر بكات، چونكه‌ له‌ناو ته‌سفیه‌ حسابدایه‌، ئه‌مه‌ رێگاپێدراو نییه،‌ حكوومه‌ت كاری خۆی ده‌كات و چاكسازی ده‌كات، دزیه‌كانتان بۆ خه‌ڵك ئاشكرا بووه‌ و به‌م قسانه‌ ناتوانن په‌رده‌پۆشیان بكه‌ن.“

ئەو بەرپرسەی پارتی راشیگه‌یاند: ”هەر لە كوڕێكی هەژار له‌ سلێمانی، كە مانگانه‌ بۆ پاككەردنه‌وه‌ی سه‌ر شه‌قام به‌ 200 هه‌زار دینار دەیەوێ كار بكا، داوای تەزكیه‌ی كۆمیته‌ی یه‌كێتیی لێ ده‌كه‌ن، تا ئاستی گه‌وره‌ترین شت له‌ سلێمانی ئه‌گه‌ر یه‌كێتی نه‌بیت كۆتاییت پێ هاتووه،‌ زه‌وی دابه‌شكردن بۆ خۆیانه‌، كۆمپانیاكان بۆ خۆیانن، چه‌كدار بۆ خۆیانه،‌ دانانی بەڕێوه‌به‌ر بۆ خۆیانە، ده‌ستیان به‌سه‌ر سلێمانیدا گرتووه‌ و ده‌یانه‌وێت له‌وه‌ زیاتر بیخنكێنن ”.

گوتیشی: ”كاك بێستوون بڕۆن فریای سلێمانی بكه‌ون، ده‌نا خه‌ڵك لێتان قبووڵ ناكات، له‌وه‌ زیاتر خه‌ڵك برسی مه‌كه‌ن، له‌ 16ی ئۆكتۆبه‌ر كه‌ركووتان فرۆشت، به‌ فوول ئێچ دی هه‌یه‌ چیتان كردووه‌، ده‌تانه‌وێت سلێمانییش بفرۆشن، بەڵام خه‌یاڵتان خاوه“.

رزگار سارتكه‌یی، گوتیشی: ”خه‌ڵكی كوردستان دوو شتی بیر ناچێتەوە، شه‌هیدكردنی هاوكار جاف له‌به‌رچاوی ژن و ماڵ و منداڵی و 16ی ئۆكتۆبەر و فرۆشتنی كه‌ركووك، خه‌ڵكی كوردستان 66ی بیر نه‌چووه‌ته‌وه‌ چۆن 16ی ئۆكتۆبەریان‌ بیر دەچێتەوە،؟‌ كاك بێستوون به‌م جۆره‌ قسانه ناتوانن ئه‌و دوو رووداوه‌ لەبیر خه‌ڵك به‌رنه‌وه‌، سه‌رۆكه‌كه‌ی تۆ بوو له‌به‌رده‌م میدیا گوتی واژۆم بۆ فرۆشتنی كه‌ركووك كۆكردووه‌ته‌وه،‌ ئه‌و تیرۆره‌ی‌ له‌ هه‌ولێر كردتان، ناتوانن لەبیر خه‌ڵكی به‌رنه‌وه‌. به هاشوهووش و هه‌ڵاكردن ناتوانن ئه‌و تاوانه‌ لە بیری خه‌ڵكی سلێمانی ببه‌نه‌وه،‌ ئێستا له‌ ترسی ئاشكرابوونی ئابڕووچوونی زیاتر ده‌ستتان كردووه‌ به‌ گرتن و رفاندنی رۆژنامه‌نووسان، بەڵام كاتی راده‌ستكردنی تاوانبارانی شه‌هیدكردنی هاوكار جاف هاتووه و‌ به‌و قسانه‌ لە بیری خه‌ڵك مه‌به‌نه‌وه‌.“