سوودانی له‌گه‌ڵ فراکسیۆنی پارتی له‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ری عێراق كۆبووه‌وه‌سوودانی جه‌خت له‌ چارەسەرکردنی کێشە هەڵواسراوەکانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا ده‌كاته‌وه‌

له‌ به‌غدا محەممەد شیاع سوودانی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق، له‌گه‌ڵ ئەندامانی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، كۆبووه‌وه‌ و تاووتوێی ره‌وشی سیاسی، ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی عێراقیان كرد.

نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق، راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌، تێیدا هاتووه‌: ئێوارەی ئەمڕۆ (دووشەممە 5ـی كانوونی یه‌كه‌م/دیسێمبه‌ری 2022)، محەممەد شیاع سوودانی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق، پێشوازی لە ئەندامانی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کرد، له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا رەوشی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابووری لەسەر ئاستی عێراق و گرنگترین رێنماییەکانی رووبەرووی پلانەکانی چاکسازی، تاوتوێکران.
سوودانی بۆ ئەندامانی فراکسیۆنی پارتی، گرنگی پشتبەستن بە دەستوور وەکو بنەمای سەرەکی بۆ چارەسەرکردنی هەموو کێشە هەڵواسراوەکان و کاری هاوبەشی نێوان حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستانی، دووپاتکردەوە.
سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق، داوای یەکخستنی هەوڵەکانی کرد، بۆ تەواوكردنی کاری پەرلەمانی لە چاودێریکردن و یاسادانان، لەگەڵ هەوڵەکانی حکومەت بۆ چاکسازی و بەرزکردنەوەی ئاستی خزمەتگوزاریەکان لەپێناو بەدیهاتنی مافەکانی هاووڵاتییان.
جەختیکردەوە، لەسەر پێویستی کارکردن بۆ بەهێزکردنی بەرەیی ناوخۆیی و دابینکردنی پاراستنی هەموو پێکهاتە و چینەکانی گەلی عێراق كرده‌وه‌.
دوای ئه‌وه‌ی رۆژی (13ی تشرینی یه‌كه‌م/ئۆكتۆبه‌ری 2022)، له‌لایه‌ن له‌تیف ره‌شید، سه‌رۆك كۆماری عێراقه‌وه‌، محه‌ممه‌د شیاع سوودانی وه‌ك كاندیدی لایه‌نه‌كانی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی راسپێردرا بۆ پێكێهێنانی حكومه‌تی نوێی عێراق.
رۆژی27ـی تشرینی یه‌كه‌می 2022، كارنامه‌ی كابینه‌ی حكومه‌ته‌كه‌ی و (21) وه‌زیری كابینه‌كه‌ی له‌ دانیشتنی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق متمانه‌یان پێبه‌خشرا و وه‌كو سه‌رۆكوه‌زیرانی نوێی عێراق هه‌ڵبژێردرا.