مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە جیسیكا سڤاردسترۆم باڵوێزی سوید لە عێراق كرد، چاكسازییەكانی حكوومەت تەوەرێكی گفتوگۆكانیان بوو.
ئەمڕۆ سێشەم شەشی كانوونی یەكەم، مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پێشوازی جیسیكا سڤاردسترۆم باڵوێزی سوید لە عێراق كرد.
لە كۆبوونەوەی نێوانیان، پەرەپێدانی پێوەندییەكانی سوید و هەرێمی كوردستان و بارودۆخی گشتیی عێراق و ناوچەكە تاوتوێ كرا.
باڵوێزی سوید ستایشی پرۆسەی پێشكەوتن و ئاوەدانكردنەوەی هەرێمی كوردستانی كرد، خواستی وڵاتەكەشی بۆ پتەوكردنی پێوەندیی هەمەلایەنە لەگەڵ هەرێمی كوردستان دەربڕی.
لە كۆبوونەوەكەدا سەرۆكی حكوومەت كورتەیەك لەبارەی چاكسازییەكانی كابینەی نۆیەم لە بواری هەمەچەشنكردنی ئابووری، بە دیجیتاڵكردنی خزمەتگوزارییە گشتییەكان، هەنگاونان بەرەو حوكمڕانییەكی ئەلیكترۆنی، ئاسانكاریكردن بۆ وەبەرهێنەران و ڕەخساندنی هەلی كاری نوێ خستەڕوو .
گرنگیی چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدراڵ لەسەر بنەمای دەستوور، بارودۆخی ئاوارە و پەنابەران، ئامادەكاری بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی كاریگەرییە نەرێنییەكانی گۆڕانكاری كەشوهەوا لەسەر ژیانی هاووڵاتییان، چەند تەوەرێكی تری گفتوگۆكانی دیدارەكەیان بوون