پۆلیسی هەولێر: تۆمەتباری بکوژی “نیزام منارە” بە برینداری دەستگیرکراوە

کاژمێر 4:30 خولەکی بەرە بەیانی ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر لە رووداوێکی کوشتن ئاگادارکرانەوە و، دوای حەوت کاتژمێر یەکەم تۆمەتباری تاوانەکە لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیرکرا.

دلێر نەجار، بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر لەبارەی رووداوەکەوە راگەیاند، کاتژمێر 4:30 خولەکی بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە (6ـی کانوونی یەکەمی 2022) لە رووداوێکی کوشتن ئاگادارکراینەوە.

ئاماژەی بەوەشدا، کوژراوەکە کەسێکە کە ناسراوە بە “نیزام منارە”، بەرەبەیانی ئەمڕۆ لەگەڵ هاوڕێیەکیدا بووەتە دەمەقاڵەیان و، دواتر بە چەک رووبەڕووی یەکدی بوونەتەوە.

بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر راشیگەیاند، لە لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکاندا دەرکەوتووە، نیزام منارە بە چەکی جۆری کڵاشینکۆف کوژراوە، گوتیشی “ئەو کەسەی تۆمەتبارە بە کوشتنی، بە برینداری لەلایەن هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێرەوە دەستگیرکراوە”.