وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیامێک ئاراستەی وڵاتانی دراوسێ دەکات

رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، داوای لە وڵاتانی دراوسێ کرد هاوکاریان بن و گرفتەکان بە گفتوگۆ و لەیەکتێگەیشتن چارەبکرێن.

وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ (سێشەممە، شەشی کانوونی یەکەم) لە رێوڕەسمی بەقەزاکردنی سیدەکان، باسی لە کێشەی ئەمنییەکانی ئەو ناوچەیە کرد و بێئەوەی ئاماژە بە ناوی لایەنێکی دیاریکراو بدات، گوتی: خەڵکی ئێمە بەشێک نییە لەو کێشانە و داواشیان لێدەکەین، ئەوانیش کێشەی خۆیان نەهێننە ناو خاکی ئێمە.

رێبەر ئەحمەد رایگەیاند، “حکومەتی هەرێمی کوردستان هەمیشە پشتگیری لە بوونی ئارامی و سەقامگیری لەسەر سنوورەکان کردووە، هیچ کات رێگەنادەین هەرێمی کوردستان ببێتە سەرچاوەی هەڕەشە بۆ هیچ لایەنێک”.

وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە هەروەها دووپاتیکردوە، “هاوکات داوامان لە دراوسێکان ئەوەیە هاوکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان بن و گرفتەگان بە گفتوگۆ و لە یەکتێگەیشتن چارە بکرێن”.

ماوەیەکە حکومەتەکانی تورکیا و ئێران بە بیانووی بوونی هێزی ئۆپۆزسیۆنیان لە هەرێمی کوردستان، هێرشی مووشەکی و درۆنیان بۆ سەر چەند ناوچەیەکی کوردستان کردووە. ئەو هێرشانە کاردانەوەی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی فراوانی لێکەوتەوە و داوا لە ئەنقەرە و تاران کرا کۆتایی بەو هێرشانە بێنن.

گەڕانەوەی ئارامیی بۆ ناوچەکە

سیدەکان بە ٢٠ هەزار دانیشتووەوە، بوو بە پێنجەم قەزای ئیدارەی سەربەخۆی سۆران. وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دووپاتی لە هەوڵەکانی حکوومەت بۆ گەڕانەوەی ئارامیی بۆ ناوچە سنوورییەکان کردەوە و گوتی: ئێمە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەوڵی بەردەوام داین لەگەڵ وڵاتانی درواسێ بۆ ئەوەی ئارامی بگەڕێتەوە ئەو ناوچانە و کاری جددیشمان کردووە بۆ ئەوەی لە سنووری سیدەکان دەروازەیەک بکرێتەوە و خەڵکی ئەو ناوچەیە لە خێروبێری سوودمەند بن.

رێبەر ئەحمەد، باسی لە گرنگیی هەمەلایەنەی سیدەکان کرد و رایگەیاند: مەبەسی ئێمە لە بەقەزاکردنی سیدەکان، ئەوەیە کە ئەو دەسەڵات و خزمەتگوزارییەی لە سۆرانە، بۆ ناوچەی سیدەکان بگوازرێتەوە لە جیاتی ئەوەی خەڵک بۆ بچووکترین کار سەردانی سۆران بکەن، کاروباریان لای خۆیان جێبەجێ بکەن.