حکوومەتی هەرێم لە کاریگەرییە خراپەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا بۆ سەر ژینگە کەم دەکاتەوە

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

مووەلیدە ئەهلییەکان یەکێک لە گرنگترین هۆکارەکانی پیسکردنی ژینگەن لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا و هەرێمی کوردستانیش سەرەڕای ئەو هەنگاوانەی کە بۆ بەرهەمهێنانی کارەبادا ناویەتی، بێبەش نییە لەو زیانە ژینگەییانەی بەری دەکەوێت. ئامانجی حکوومەت ئەوەیە وێڕای کەم کردنەوەی هۆکارەکانی پیسکردنی ژینگە، پشت بەو سەرچاوانە ببەستێت کە هیچ زیانێک بە ژینگە ناگەیەنن.

کارەبا لە هەرێمی کورستان، بە دوو بەشی حکوومی و تایبەتیی دابەش دەبێت، لە بەشە حکوومییەکە توانراوە وێڕای بەرزکردنەوەی بەرهەمهێنانی کارەبا، گۆڕانکاری بەسەر جۆری سووتەمەنیشدا بهێنرێت و بە ڕێژەیەکی بەرچاو لە پیسبوونی ژینگە کەم بکرێتەوە.
پێشتر زۆربەی وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا لە کوردستان پشتیان بە گازوایل ونەوتی ڕەش دەبەست و ئەمەش زۆر مەترسیدار بوو بۆ ژینگە، جگە لەوەی کە ئەو سووتەمەنییانە زۆر گرانیش لەسەر حکوومەت دەوەستانم و حکوومەت ساڵانە بە ملیاران دۆلاری خەرج دەکرد تا بتوانێت کارەبای نیشتمانیی بۆ خەڵک دابین بکات.
لە وەرزی سەرما و گەرمادا، بەهۆی ئەو لۆدەی دەکەوێتە سەر کارەبای نیشتمانی، سەعاتەکانی پێدانی کارەبا کەم دەبنەوە و ئەرکەکە دەکەوێتە ئەستۆی کەرتی تایبەت کە موولیدە ئەهلییەکانی گەڕەک خاوەندارێتیی دەکەن. ئەو بەشەی بەرهەمهێنانی کارەبا زۆر مەترسیدارە و یەکێکە لە گرنگترین هۆکارەکانی پیسکردنی ژینگە بەو دووکەڵەی دەیدەنە دەرەوە، ئەمە جگە لە ژاوەژاو و دەرهاویشتەکانی تری پیس کردنی ژینگە.
وەک ئاشکرایە ئەو مووەلیدانە زۆر جار بە گازوایل کار دەکەن جا چونکە پێکهاتەکەیان گازوایلی ساف نییە ، هەڕەشەن بۆ سەر ژینگە و تەندروستیی هاووڵاتیان.
ماوەی ڕابردوو ئاژانسی ئاسۆشێتدپرێس لە ڕاپۆرتێکدا هۆشداری دا لەو ژمارە زۆرە مووەلیدەیەی بە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بڵاوبوونەتەوە و ئاماژەی بە وڵاتانی یەمەن، لیبیا، لبنان، ئەفغانستان و عێراق و فەلەستین کردبوو کە زۆرترین ژمارەی مووەلیدەیان تێدا بەکار دێت.
لە هەموو عێراق ساڵانە ١٧ ملیار مەتر سێجا گازی سروشتی لەگەڵ نەوت دەردەهێنرێت کە بە بێ سوود وەرگرتن لە هەوادا دەسووتێت کە کرێ سوودی لێ وەرگیرێت و بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا بەکار بهێنرێت. لە ساڵی ٢٠٠٧ەوە لە هەرێمی کوردستان لە کەرتی گازدا وەبەرهێنان دەکرێت و بەو هۆیەوە توانراوە سووتەمەنی زۆربەی وێستگەکان بۆ گازی سروشتی بگۆڕدرێت و لەو ڕووەوە لەم وڵاتانەی ئاماژەیان بە ناوەکانیان کراوە هەنگاوێک پێش بکەوێت.
ئەوەی دەمێنێتەوە مووەلیدە ئەهلییەکانن کە دەکرێ لە داهاتوودا کار بۆ کۆکردنەوەیان بکرێ و ئەگەر کارەبای نیشتمانی بگاتە ٢٤ سەعات ئەوا کوردستان لەو کێشە گەورەیەی ڕزگاری دەبێت و ئەوکات دەتوانێت وەبەرهێنان لە وزەی پاکدا بکات و ئەو پیسییەش نەهێڵێت کە لە ئاکامی سووتانی گازی سروشتی دێتە کایەوە.
دوێنێ دووشەم وەزارەتی كارەبای حكوومەتی هەرێمی كوردستان گرێبه‌ستى دامه‌زراندنى وێستگه‌یه‌كى ٢٥ مێگاواتیی وزه‌ى خۆری لەگەڵ کۆمپانیایەک واژۆ كرد. گرێبستەکە لە نێوان کەمال محەمەد ساڵح، وەزیری کارەبا و شێروان سه‌لیم حه‌سه‌ن، بەڕێوەبەری ڕێپێدراوی کۆمپانیای پلوتۆ ئۆتۆ سایکڵ -Pluto Otto Cycle لە مەراسیمێکدا واژۆ کرا. وێستگەکە ٢٥ مێگاوات کارەبا بە وزەی خۆر بەرهەم دێنێت و لە ماوەی سێ مانگدا دەست بە جێبەجێکردنی دەکرێت.
هەرچەندە لە هەرێمی کوردستان هەنگاوی باش هەڵهێنراوە بۆ بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا لەو سووتەمەنییانەی کە کەمتر ژینگە پیس دەکەن بەڵام هێشتا رێگایەکی درێژی لەبەردەمدا ماوە بۆ ئەوەی بتوانێت رووبەرووی ئەو هەمووە پیسییە ببێتەوە کە بەربینگی وڵاتی گرتووە و گرتنەبەری رێچکەی وڵاتانی پێشکەوتوو و پشتبەستن بە وزەی پاک بە باشترین رێگا هەژمار دەکرێت.