زیادتر له‌ سەد و پەنجا و شەش هه‌زار خێزان نه‌وتیان وه‌رگرتووه‌

دابه‌شكردنی به‌شه‌ نه‌وت به‌ پاڵپشتی ٦٥%ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ هه‌رێم به‌رده‌وامه‌ و به‌پێی دواین ئاماری وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌كان، تا ئێستا سی و یەک ملیۆن و دوو سەد و حەوت هه‌زار و هەشت سەد لیتر نه‌وتیان له ‌سه‌رانسه‌ری هه‌رێمی كوردستان به‌سه‌ر ماڵاندا دابه‌ش كردووه‌ و زیاتر له‌ سەد و پەنجا و شەش هه‌زار خێزان نه‌وتیان وه‌رگرتووه. دابه‌شكردنی نه‌وتیش له‌ شوێنه‌ جیا جیاكانی هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وامه‌. هاوكات نرخی نه‌وتیش له‌ بازاڕه‌كان دابه‌زیوه‌.

به‌پێی ئاماره‌كه‌ی وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌كان، له‌ سنووری پارێزگای سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه‌، دوازدە ملیۆن و دوو سەد و سیازدە هه‌زار و هەشت سەد لیتر نه‌وت بەسەر شەست و یەک هەزار و شەست و نۆ خێزاندا دابه‌ش كراوه‌.
له‌ سنووری پارێزگای دهۆكیش، كه‌ ناوچه‌یه‌كی سه‌رماوسۆڵه‌یه‌، دە ملیۆن و شەش سەد و سی نۆ هه‌زار و حەوت سەد لیتر نه‌وتی به‌سه‌ر پەنجا و سێ هەزار وسەد و نەوەد و هەشت خێزاندا دابه‌ش كراوه‌.
هه‌ر به‌پێی ئاماره‌كه‌ی وه‌به‌رهێنانی كانزایی وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌ سنووری پارێزگای هه‌ولێریش هه‌شت ملیۆن و ٤٥٤ هه‌زار و ٤٠٠ لتر نه‌وتی سپی به‌سه‌ر دانیشتوانی ئه‌و ناوچه‌یه‌ دابه‌شكردووه‌ و تێیدا ٤٢ هه‌زار و ٢٧٢ خێزان لێی سودمه‌ند بوونه‌ و به‌شه‌ نه‌وتیان وه‌رگرتووه‌.
له‌ ٢٠ تشرینی یه‌كه‌می ڕابردوو، وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌كان ده‌ستی به‌ دابه‌شكردنی نه‌وتی سپی كردووه‌ به‌سه‌ر دانیشتوانی هه‌رێمی كوردستان له‌ ناوچه‌ شاخاویی و ده‌وروبه‌ر و سه‌نته‌ری شاره‌كان‌، كه‌ تا ئێستا ٣٢٠ هه‌زار خێزان له‌ ناوچه‌ شاخاوییه‌كان و زیادتر له‌ ٣٤٠ هه‌زار خێزانیش له‌ ده‌ورووبه‌ر، له‌ سه‌نته‌ری شاره‌كانیش ٦٢٥ هه‌زار خێزان سودمه‌ند بوونه‌ و ڕۆژانه‌ش ئه‌و ژماره‌یه‌ زیادتر ده‌بێت، به‌هۆی به‌رده‌وامی دابه‌شكردنی ڕۆژانه‌ی نه‌وته‌وه‌.
حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ساڵانه‌ له‌ سه‌نته‌ری شاره‌كان به‌رمیلێك و له‌ ناوچه‌ شاخاوییه‌كانیش زیادتر له‌ دوو به‌رمیل نه‌وت به‌ پاڵپشتی دارایی به‌سه‌ر هاووڵاتیانی دابه‌ش ده‌كات.
بۆ ئه‌مساڵیش حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان حەفتا ملیار دیناری بۆ كڕینی نه‌وتی سپی به‌شه‌ ماڵان ته‌رخان كردووه‌، كه‌ به‌شێوه‌ی ته‌نده‌ر، نرخی هه‌ر به‌رمیلێك، له‌نێوان دوو سەد و هەشتا و چوار بۆ سێ سەد و بیست هه‌زار دیناری عێراقی دیاری كراوه‌.
له‌ دابه‌شكردنی هه‌ر به‌رمیله‌ نه‌وتێك پاڵپشتی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ٦٥% ه‌، واتا له‌ كۆی نرخی هه‌ر به‌رمیلێك نه‌وت، حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ٦٥%ی له‌ ئه‌ستۆ ده‌گرێت و ته‌نیا ٣٥%ی نرخی نه‌وته‌كه‌ له‌ هاووڵاتیانی وه‌رده‌گرێته‌وه‌.
له‌پاڵ دابه‌زینی به‌های نه‌وتی خاو له‌ بازاڕه‌كانی جیهاندا، دابه‌شكردنی نه‌وتی سپی، كاریگه‌ری ڕاسته‌وخۆی له‌سه‌ر نرخی نه‌وت له‌ بازاڕه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ده‌بێت و به‌پێی لێکۆڵینەوەی ڕۆژنامه‌ی هه‌ولێر، نرخی به‌رمیلێك نه‌وت به‌پێی جۆره‌كه‌ی له‌ بازاڕی نه‌وتفرۆشانی هه‌ولێر، جۆرێكی له‌ دوو سەد و شەشت هه‌زار دینارەوه‌ بووته‌ دوو سەد و چل هه‌زار دیناری عێراقی و جۆرێكی دیكه‌شی كه‌ به‌ نه‌وتی موسڵ ناو ده‌برێ، پێشتر نرخه‌كه‌ی دوو سەد و پەنجا و پێنج هه‌زار دینار بووه‌، ئێستا بە دوو سەد و سی هه‌زار دیناره‌.