شارێكی باكووری كوردستان ئافرەتیان نانێرنە قوتابخانە

كارزان گلی – هه‌ولێر

شاری مووشی باكووری كوردستان، یەكێكە لەو شارانەی كەمترین رێژەی ئافرەت تێیدا خوێندن تەواو دەكەن، چونكە كچەكانیان لە ناوەندی و دواناوەندی لەقوتابخانە دەردەكەن و بەشوویان دەدەن، ئەمەش ناڕەزایی ئافرەتانی بەدوای خۆیدا هێناوە.

”بەهۆی ئەوەی كچەكەمم بردبووە قوتابخانە و ناوم تۆمار كرد، هاوسەرەكەم زۆری لێ دام، بەڵام چۆكم دانەدا و هەر ناردمەوە بۆ قوتابخانە. بەداخەوە لە تەمەنی 13 ساڵاندا بەناچاری لە قوتابخانە دەرم هێنا، چونكە بارودۆخی ئابووریمان خراپ بوو.“
ئەمە گوتەی یەكێك لە ئافرەتەكانی مووشە، كە قسەی بۆ ئاژانسی (DW)ی توركیا كردووە ناوی مەلەكە.
ئەو چوار منداڵی هەیە، دوو كوڕ و دوو كچ، دەڵێت یەكێك لە كچەكانم كاتێك سەرەتایی تەواو كرد لە قوتابخانە دەرم هێنا، لە تەمەنی 17 ساڵانیشدا بەشووی داوە.
مووش بەراود بە شارەكانی تری توركیا، كەمترین ئافرەت دەنێرێتە قوتابخانە، هەر لە دوای ئەوەی خوێندنی سەرەتایی یان ناوەندی تەواو دەكەن، ئیدی لە قوتابخانە دەریان دەهێنن.
بەگوێرەی ئاماری دەزگای ئاماری توركیا، لە باكووری كوردستان، رێژەی ئافرەت كە لە ناوەندی دەخوێنن 78%ە، بەڵام لە مووشی باكووری كوردستان رێژەكە 59%ە.
وەكوو ئەوەی ئاژانسی ناوبراو بەدواداچوونی بۆ كردووە، سێ هۆكار هەن كە لە مووش خانەوادەكان ئافرەت نانێرنە قوتابخانە، یەكەم هۆكاری هەژارییە، دووەم لەتەمەنێكی زۆر منداڵدا بەشوویان دەدەن و سێیەمیش، لایەنی دینییە، چونكە ئەو شارە زۆر موحافیزكارن و بەشێكی زۆی خێزانەكان پێیان باشە ئافرەت زوو بەشوو بدرێت نەك بخوێنێت.
لەسەر پاسەكانی مووش نووسراوە ”واز لە فاییز بهێنن“، ئەمەش دەرخەری ئەوەیە كە شارەكە زۆر موحافیزكارن، بۆیە ئافرەتەكانیان كاریگەری ئاینیان زۆر بەسەرەوەیە.
بەگوێرەی زانیارییەكانی رێكخراوی ئافرەتان، یەكێك لەو هۆكارانەی وای كردووە ئافرەت لە مووش نەخونێت، فشار خستنە سەریانە لەرێگەی پیاوانی ئاینییەوە، بەوەی پێیان دەڵێن خوێندن گوناحە و پێویست دەكات شوو بكەن.
لە مووش، زۆر بەكەمی ئافرەت بەتەنیا دێتە دەرەوە، تەنانەت بۆ كڕینی سەوزە و میوەش دەبێت پیاوێكیان لەگەڵدا بێت و تەنیا نین.
توركان كەرەهان، سكرتێری رێكخراوی (سێن _ پەروەردە)ی ئافرەتان لە مووش، پێیوایە، لە شارەكەیاندا ئافرەت یان دەبێت بەپەچەوە بچێتە بەرخوێندن، سان دەبێت بچێتە ئەو قوتابخانەیەی كە پیشەییە، یان دەبێت بچێتە قوتابخانەی ئایینی، یانیش رێگەی نادەن لە هیچ شوێنێك بخوێنێت.
سانییە تەمەنی 34 ساڵانە، دەڵێت لە تەمەنی 13 ساڵاندا بەشوویانداوە و بەهیچ شێوەیەك رێگەیان نەداوە بخوێنێت.
ئەو خاوەنی پێنج منداڵە كە گەورەكەیان 20 ساڵانە، وەكو ئەوەی خۆی باسی دەكات، باوكی پارەی زۆری لە براكانی خەرج كردووە تا بچنە قوتابخانە، بەڵام رێگەی نەداوە كچەكانی بچنە قوتابخانە و رێگریی لێ كردوونە.
سانیە، كچێكی لە قوتابخانە دەرهێناوە بەڵام پەشیمانە و دەڵێت ئەگەر بەدەستی من با، نەمدەهێشت.
دەزگای ئاماری توركیا بڵاوی كردووەتەوە، لە ساڵی 2020دا، رێژەی ئەو ئافرەتانەی لە توركیا لە تەمەنی شانزە حەڤدە ساڵاندا بەشوو دراون 7%ـە، بەڵام ئەو رێژەیە لە مووش 11%یە.
بێتول دەمیرئێللەر گوزەل، ئەندامی سەندیكای پارێزەرانی مووش، باس لەوە دەكات كە كاسبكارەكانی مووش، پێیان باش نییە ئافرەت لە تەمەنی منداڵیدا بەشوو بدرێت و دەڵێت پێویستە بخوێنێت. وەكو ئەوەی باسی دەكات، لە هەوڵدان تا بتوانن وا لە خێزانەكان بكەن، هیچیتر ئافرەتەكانیان لە قوتابخانە دەرنەكەن، بۆ ئەمەش برۆشۆریان چاپ كردووە و بەسەر خەڵكیدا دابەشی دەكەن.
جیا لەوەش، لە مووش لێدان لە ئافرەت شتێكی ئاساییە، ئەمەش بەگوێرەی زانیارییەكانی رێكخراوی ئافرەتان لە توركیا.
مەلەك، ئەوەشی پشتڕاست كردووەتەوە و دەڵێت: ”لێدان لای ئێمە، لێدانێکی ئاسایی نییە، رۆژێكیان هاوسەركەم ئەوەندەی دە کردم (لێ دام) بوورامەوە، ئەمبوڵانس هات و منیان برد بۆ نەخۆشخانە.“