یەکەم گەشتى ئاسمانی لەنێوان کەرکووک و ئەنقەرەدا کرا

یەکەم گەشتى ئاسمانی لەنێوان فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتیى کەرکووک و ئەنقەرەى پایتەختى تورکیا کرا، بەڕێوەبەرى راگەیاندنى فڕۆکەخانەکە دەڵێت، “گەشتەکان لە رۆژانى داهاتوودا بۆ تورکیا زیاتر دەکرێن.”

رۆژی 6ـی کانوونى یەکەمى 2022 هەردى سەمەد، بەڕێوەبەرى راگەیاندنى فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتیى کەرکووک رایگەیاند، “یەکەم گەشتى ئاسمانی لە فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتیی کەرکووکەوە بۆ فڕۆکەخانەى ئەنقەرە کرا.”

گەشتەکە کاژێر 05:00ـی ئێوارەى 5ـی کانوونى یەکەم لە رێگەى کۆمپانیاى هێڵى ئاسمانیی عێراقەوە کراوە.

هەردى سەمەد، گوتى: “سەرنشینانى گەشتەکە 115 کەس بوون، سەرجەمیان هاووڵاتیی کەرکوک بوون، گەشتەکەش تەنیا چوون بووە.”

رۆژی 17ـی تشرینى یەکەم فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتیی کەرکووک بە فەرمى کرایەوە، سێ رۆژ دواتر یەکەم گەشتى بۆ فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتیى سلێمانى کرد.

بەڕێوەبەرى راگەیاندنى فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتیى کەرکووک رایگەیاند، لە چەند رۆژى داهاتوودا ژمارەى گەشتەکان بۆ تورکیا و بەپێچەوانەوە زیاتر دەکرێن ئەوەش بەگوێرەى خواستى گەشتکردن بۆ ئەو وڵاتە دەبێت.

ھەواڵی زیاتر