بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر: بکوژی نیزام منارە دەستگیرکرا

بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر رایگەیاند، بکوژی نیزام منارەیان دەستگیرکردووە کە هاوڕێیەکی نزیکی خۆیەتی. باوکی نیزامیش داوا دەکات بکوژەکەیان رادەست بکەن و دەڵێت: “خوێنێ نیزام بە خۆڕایی ناڕوات.”

کاژێر 2:00ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە 06-12-2022 دانیشتوویەکی شاری هەولێر بە ناوی نیزام ناسر، ناسراو بە نیزام منارە، کوژرا.

عەمید دلێر نەجاڕ، بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر بە سەرچاوەیەکی راگەیاند، بە هەوڵەکانی هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هەولێر، “ئەمڕۆ بکوژی نیزام منارە دەستگیرکراوە.”

بە گوتەی بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر: بکوژەکە هاوڕێیەکی نزیکی کوژراوەکەیە و ئێستا پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ کراوەتەوە.

مەهداوی ئیسماعیل، مامی نیزام ناسر گووتی: “لە فەیسبووکەوە هەواڵەکەمان بیستووە، ئەو کەسەی کوشتوویەتی برادەری بووە، بەردەوام لەگەڵی بووە نیزام بەخێوی کردووە هاوکاری کردووە، وادیارە تەلەفۆنیان بۆ کردووە گوتوویانە بە ناوی تۆوە سەرانەمان لێ وەردەگرێت، ئەویش پێ ناخۆش بوو، رۆیشتووە بۆ لای و پێی گوتووە بۆچی بەناوی من سەرانە وەردەگریت و ناوی من بەد دەکەیت، لەوێ لێکتێنەگەیشتن دروستبووە و نیزام کەسێکی بەغیرەت بووە و لێیداوە، دوای ئەوە زۆر نامەردانە چووەتە سەربان لە دواوە گوللەیەکی لە شانی داوە و لە سکییەوە دەرچووە.”

مامی نیزام منارە ئاماژەی بەوەدا ئەو کەسەی تۆمەتبارە بە کوشتنی نیزام، هاوڕێیەکی نزیکی نیزام بووە، داوا دەکات تۆمەتبارەکەیان رادەست بکەن، گوتیشی تاوەکو تۆمەتبارەکەیان رادەست نەکەن، پرسە بۆ نیزام دانانێن.

نیزام ناسر، خێزاندارە و باوکی سێ منداڵە، لە عەشیرەتی هۆرمزیارە. فەیسەڵ موحسین، سەرۆکی عەشیرەتی هۆرمزیار بە سەرچاوەیەکی گووت: “کارەساتێکی دڵتەزێن بوو، خەفەت بوو بۆ هەموو عەشیرەتەکەمان، چاوەڕێین یاسا ئیجرائاتی خۆی لەگەڵ بکات.

سەبارەت بە کێشەی نێوان نیزام منارە و تۆمەتبارەکە، باوکی نیزام گووتی: “شەو نیزام گوتی لێمداوە، چونکە حەیا و نامووسی منی بردووە دەچێتە کافتریا و دیسکۆ سەرانە بە ناوی من وەردەگرێت.” 

باوکی نیزام داوا دەکات کە تۆمەتبارەکەیان رادەست بکەن و دەڵێت: “پێمان خۆشە ئەو کوڕە بدرێتە دەستی ئێمە، نامانەوێت خوێنی نیزام بەلاش بڕوات، خوێنیشی بەلاش ناڕوات.”

ھەواڵی زیاتر