ئومێد خۆشناو: به‌منزیكانه‌ نه‌وتی سپی به‌سه‌ر هاووڵاتییانی سه‌نته‌ری شاره‌كان دابه‌شده‌كرێت

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ (5ـی كانوونی یه‌كه‌م/دیسێمبه‌ری 2022)، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هه‌ولێر له‌میانی كۆنفراسێكی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند، پرۆسه‌ی دابه‌شكردنی نه‌وتی سپی به‌سه‌ر هاووڵاتییان به‌ نرخی پاڵپشتیكراو به‌رده‌وامه‌ و له‌ داهاتوویه‌كی نزیكدا له‌ سه‌نته‌ری شاره‌كانیش ده‌ستپێده‌كات.

پارێزگاری هه‌ولێر جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه‌شكرده‌وه‌، دابه‌شكردنی نه‌وتی سپی به‌سه‌ر هاووڵاتییان به‌ نرخی پاڵپشتیكراو كه‌ له‌لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ رێژه‌ی 65%ـی نرخه‌كه‌ی دابینكراوه‌ و هه‌ر خێزانێك له‌ به‌رامبه‌ر به‌رمیلێك نه‌وتدا ته‌نها 35%ـی نرخه‌كه‌ی لێوه‌رده‌گیرێت.

دوێنێ یه‌كشه‌ممه‌ (4ـی كانوونی یه‌كه‌م/دیسێمبه‌ری 2022)، فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند،  وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان، 31 ملیار و 207 ملیۆن و 800 لیتر نه‌وتی سپی له‌ سەرانسەری هەرێمی کوردستان دابەشکردووە، كه‌ تا ئێستا 156 هه‌زار و 539  خێزان سوودمەندبوونە.

فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاری بڵاویشیكردووه‌ته‌وه‌، لە سنووری هه‌ردوو پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە، 12 ملیۆن و 213 هه‌زار و 800 لیتر نه‌وتی سپی به‌سه‌ر 61 هه‌زار و 69 خێزان دابه‌شكراوه‌، هه‌روه‌ها له‌ پارێزگای دهۆک، 10 ملیۆن و 639 هه‌زار و 600 لیتر نه‌وتی سپی به‌سه‌ر 53 هه‌زار و 198 خێزان دابه‌شكراوه‌، لە سنووری پارێزگای هەولێریشدا، 8 ملیۆن و 454 هه‌زار و 400 لیتری نه‌وتی سپی به‌سه‌ر 42 هه‌زار و 272 خێزان دابشه‌كراوه‌