سیروان بارزانی: جموجۆڵەکانی داعش زیادیان کردووە و هۆکارەکەش کەشوهەوایە

بەرپرسی میحوەری گوێڕ ـ مەخموری هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان رای دەگەیەنێت، کە جموجۆڵەکانی داعش لەم وەرزەدا زیاد دەکەن، هۆکارەکەشی خراپی كه‌شوهه‌واو و کەمبوونه‌وه‌ی مەودای بینینە.

سیروان بارزانی، بەرپرسی میحوەری گوێرـ مەخموری هێزەکانی پێشمەرگە، لەبارەی بۆردومانەکەی شەوی رابردوو کە وا بڵاوکرایەوە فڕۆکەی تورکییە و بۆردومانی کەمپی په‌كه‌كه‌ی کردووە راگەیاند: ‘فڕۆکە بۆردومانی نەکردووە، بەڵکو لایەنی عێراقی جموجوڵی چەکدارانی داعشیان بینیوە و بە هاوەن بۆردومانیان کردوون’.

هاوکات لەبارەی زیادبوونی جموجوڵەکانی داعشەوە، فەرماندەکەی هێزی پێشمەرگە دەڵێ؛ “لەم وەرزەدا بەهۆی کەشوهەوا و تەمومژ، مەودای بینین كه‌مبووه‌ته‌وه‌، ته‌نانه‌ت بە دووربینیش، بۆیه‌ جموجوڵی داعش زیادی كردووه‌، ئێمەش هەموو کات لە ئامادەباشیداین بۆ ئۆپەراسیۆن، چ بەتەنیا یان لەگەڵ لایەنی عێراقی بێت.

لەمبارەی چۆنیه‌تی بنەبڕکردنی داعش لەسنوورەکەدا، سیروان بارزانی رای گه‌یاند؛ “ئەمە کێشەیەکی سەرتاسەرییە لە عێراقدا، لە دیوی پێشمەرگەوە و ئەو جێگایانەی کوردنشینن و لەژێر کۆنترۆڵی هێزی پێشمەرگەدان داعش نییە، بەڵام لە دیوی لایەنی عێراقی هەیە و دەبێت لە ساترەکانی خۆمانی دوربخەینەوە، بە دانانی لیوا هابەشەکانیش ده‌توانرێت ئەو مەودایەی بووە بە بۆشای ئەمنی پڕبكرێته‌وه‌.”

سیروان بارزانی سەبارەت بە دەستبەکاربوونی لیوا هاوبەشەکانی ئاماژەی بەوە کرد؛ بەڵێنیان داوە لە بوودجەی 2023دا، بودجە بۆ ئەو دوو لیوایە جێگیر بکەن، ئەمە بکرێت ئەوا لە ماوەی دوو تا سێ هەفتەدا دەکرێ هێزەکان لە شوێنەکانیان دەستبەکارببن، چونکە هەموو ئامادەکارییەکان کراوە، بەڵام دواکەوتنی بابەتی لیوا هاوبەشەکان زۆری خایاند و دواکەوتنێکی بێمانابوو.

دەربارەی ئۆپەراسیۆنی نوێش دژی داعش لە سنوورەکەدا، سیروان بارزان، به‌رپرسی میحوه‌ری گوێڕ – مه‌خموور، جەختی کردەوە کە “ئێستا دوور لە چاوی راگەیاندنەکان ئۆپەراسیۆنی بچووک دەکرێ، بەو جۆرەش نایه‌ڵین تیرۆرستان لە ناوچەکەدا پشوو بده‌ن، رێگەی ئەوەیان پێ نادرێ دەرفەت بقۆزنەوە، زیاتر لە ساڵێکیشە تەکنیکی خۆمان گۆڕیوە، بمانەوێ شوێن دیاری بکرێ و زانیاری وەردەگرین و تیمی بچووک و تایبەتمان هەیە وەک هێزی کۆماندۆ بەکاریان دەهێنین.