پرۆژەی سیستەمی ئەلیکترۆنی گرێبەستە گشتییەکان راگەیێندرا

لە شاری هەولێر بە چاودێریی د.دارا ڕەشید، وەزیری پلاندانان و بە ئامادەبوونی زاگرۆس فەتاح، بریکاری وەزارەتی پلاندانان و کۆنسوڵی گشتی کۆریای باشوور لە هەولێر و بەرپرسی ئاژانسی کۆیکای کۆری لە عێراق و هەرێمی کوردستان، ڕێوڕەسمی بە فەرمی ناساندن و کردنەوەی سیستەمی ئەلیکترۆنی گرێبەستە گشتییەکان بەڕێوەچوو.

کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان و خودی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەر لە سەرەتای دەستبەکاربوونییەوە بە گرنگییەوە پاڵپشتی خۆیی بۆ بە دیجیتاڵکردنی خزمەتگوزارییەکان و هەنگاونان بەرەو حکومەتی ئەلیکترۆنی دووپاتکردۆتەوە و لە کارنامەی کابینەکەدا بە ڕوونی تیشک خراوەتە سەر ئەم بابەتە، لەسەر ئەم بنەمایە و لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا وەزارەتی پلاندانان بە هەماهەنگی لەگەڵ ئاژانسی کۆیکای کۆری کاری کرد لە سەر دیزاین و دروستکردنی سیستەمی ئەلیکترۆنی گرێبەستە گشتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان.

وەک قۆناغی یەکەم هەریەک لە وەزارەتەکانی (کارەبا، کشوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێبوون، تەندروستی، شارەوانی و گەشتوگوزار) و پارێزگای هەولێر لەم سیستمەدا بەشدارن و لە قۆناغەکانی داهاتوو وەزارەتەکانی تر و سەرجەم دەسەڵاتەکانی گرێبەست لە حکومەت دەبنە بەکارهێنەری ئەم سیستمە.

جێبەجیکردنی سیستمی ئەلیکترۆنی گرێبستە گشتییەکان و بەکارهێنانی لە لایەن وەزارەت و فەرمانگەکانی حکومەت و کۆمپانیاکان و کەرتی تایبەتەوە یەکێک دەبێت لە دەستکەوتە گەورە و ستراتیجییەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پاڵ ئەو دەستکەوت و خزمەتە جیاوازانەی کە حکومەت لە ساڵانی ڕابردوو ئەنجامی داوە. هاوکات جێبەجیکردنی ئەم سیستمە ڕۆڵێکی گەورەی دەبێت لە بەدیهێنانی شەفافیەت و کەمکردنەوەی ڕۆتین و ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی.