مەحما خەلیل، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق: رێککەوتنی ئەم جارە دەرفەتە بۆ چارەکردنی کێشەکان

مەحما خەلیل، پەرلەمانتاری کوردی ئێزدی لە ئەنجوومەنی نوێنەران، لە دیدارێکدا ڕایدەگەیەنێت: بەغدا لەوە تێگەیشتووە بەبێ چارەکردنی کێشەکانی لەگەڵ ھەرێم ناتوانێت ھەنگاو بنێت، بۆیە ئەگەر عێراق پابەندی دەستوور و ڕێککەوتنەکان بێت، کێشەکان چارە دەبن. دەشڵێ، گەشبینین بە جێبەجێ کردنی ڕێککەوتنی شنگال و ئاسایی کردنەوەی بارودۆخی شارەکە، لەگەڵ ئەوەشدا لیژنەی ماددەی ١٤٠ کارا دەکرێتەوە و زەرەرمەندانی ماددەکە قەرەبوو دەکرێنەوە.

  • بۆچی عێراق لەڕێککەوتنەکان پاشگەز دەبێتەوە؟
  • دوای دەرچوونی دەستووری عێراق، کورد شتێکی داوا نەکردووە پێچەوانەی دەستوور و یاسا بێت و ھەموو کات بە نیەتێکی پاکەوە چووەتە نێو پرۆسەی سیاسی و پێکهێنانی حکوومەتەیەک لەدوایەکەکانی عێراق. چەندین ڕێککەوتن کراون، بەڵام بەداخەوە ھەمووی عێراق لێی پاشگەز بووەتەوە، ئەم جارەش ئەگەر بەغدا نیەتی پاکە بۆ چارەکردنی کێشەکان ئەوە ھەرێم نیەتی پاکە و ڕێککەوتن و لێک تێگەیشتنی ئەم جارە دەرفەتە بۆ چارەکردنی کێشەکان.
  • پێت وانیە عێراق لەوە گەیشتووە بەبێ کوردستان سەقامگیری بە خۆیەوە نابینێت؟
  • پێش چەندڕۆژێک سەرۆکی ھەرێمی کوردستان سەردانی بەغدای کرد و لە کۆی دانیشتنەکانیدا پرسی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان ھەرێم و بەغدا باس کرا، حکوومەتی عێراق لەوە تێگەیشتووە ناتوانێت ھیچ ھەنگاوێک بچێتە پێشەوە ئەگەر کێشەکانی نێوان ھەرێم و بەغدا چارە نەکات، ھەرێمی کوردستانیش بەشێکی گرنگە لە عێراق؛ بۆیە بۆ سەقامگیربوونی عێراق، پشتگیریی ھەرێمی کوردستان پێویستە. کوردستانیش پێویستی بە عێراقە، ڕێککەوتن لەسەر ھەردوو پڕۆژەیاسای بودجە و نەوت و غاز دەکرێت و بە ھەماھەنگیی ھەردوولا ئامادە دەکرێت. بۆ ئەو مەبەستەش شاندی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان سەردانی بەغدای کرد و لیژنەش پێکھاتووە.
  • قەرەبووکردنەوەی زیانمەندانی ماددەی ١٤٠ کەی دەست پێدەکات؟
  • بودجەی پێویست بۆ کاراکردنەوەی لیژنەی جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ دیاری کراوە، لیژنەکە کارا دەکرێتەوە. ھەرێم و بەغدا بۆ جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ی دەستوور ڕێککەوتوون و حکوومەتی عێراقیش پابەند کراوە بەو ڕێککەوتنەوە، بۆیە خەڵکی ناوچە کوردستانییەکان کە دەکەونە سنووری ماددەی ١٤٠ قەرەبوو دەکرێنەوە، ئەوەش بە چەند قۆناغێک دەبێت ھەموو ئەوانەی ناویان ھەیە، قەرەبوو دەکرێنەوە.
  • کەی بارودۆخی شنکال ئاسایی دەبێتەوە؟
  • یەکێک لە خالەکانی حکوومەتی سوودانی جێبەجێ کردنی ڕێککەوتنی شنگالە، بۆیە لەسەر سەرۆکوەزیران پێویستە بەپێییاسا و دەستوور ئەو ڕێککەوتنە جێبەجێ بکات و بارودۆخی شارەکە ئاسایی بکاتەوە، ھەموو ھەوڵەکانیش بۆ ئەوە دەچن لە ماوەی داهاتوو بارودۆخی شارەکە ئاسای بێتەوە و ئیدارەی شەرعی بگەڕێتەوە بۆ شنگال و قایمقامێکی نوێ بۆ شارەکە دیاری بکرێت، ھەموو لایەنەکانیش گەیشتوونەتە ئەو بڕوایە کە تەنیا چارە بۆ گەڕانەوەی ئارامیی بۆ شنگال، جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی شنگالە، بە ئاسایی کردنەوەی بارودۆخی شارەکە ئەو خەڵکەی چەندین ساڵە ئاوارە و دەربەدەرن دەگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان و دەست بە ژیانێکی نوێ دەکەن، بۆیە گەشبینین بە جێبەجێ کردنی ڕێککەوتنەکە و ئاسایی کردنەوەی بارودۆخی شارەکە.
  • باسی ئەوە دەکرێت ٢ ھەزار و ٥٠٠ پۆلیس لە خەڵکی شنگال دادەمەزرێن، ئەمە چۆنە؟
  • یەکێک لە بەندەکانی ڕێککەوتنی شنگال دامەزراندنی دوو ھەزار و پێنجسەد پۆلیسە لە خەڵکی خۆجێی شنگال، بۆ ئەم مەبەستە ڕۆژی پێنجشەممە سەردانی وەزیری ناوخۆی عێراقم کرد، ئەو ھێزە ئەرکی پاراستنی شنگال لە خۆ دەگرێت و پێشتر پرۆسەی ناوتۆمارکردنیش بۆ دامەزراندنی پۆلیسەکان بەڕێوەچووە، بۆیە لەنێو بودجەی وەزارەتی ناوخۆی عێراقیش پەسەند کراوە و دوای پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای بودجەی عێراق، ئەو ھێزە دادەمەزرێت.
ھەواڵی زیاتر