شادمان مەلا حسن، ئەندامی پێشووی سەركردایەتیی یەكێتی نیشتیمانی کوردستان، لە گفتوگۆیدا لەگەڵ ڕۆژنامەی هەولێر، باس لە پێشهات و ڕووداوەکانی ئەم دواییەی هەرێمی کوردستان و عێراق دەکات و دەڵێت:” پێویستە لە هەرێمی کوردستان یاسایەك هەبێت تاکو ڕیگا بە هیچ كەس و گروپ و تاقمێك نەدات لەرێگەی هێزی چەكدارەوە خۆیان بەسەر یاسادا بسەپێنن و دەشڵێت:” لە کەیسی كوشتنی هاوكار جاف و موراد كانی كوردەیی و هاورێكانی دەبێت دادگا ڕۆڵی خۆی ببینێت و بابەتەکە بە سیاسیی نەکرێت.
- بەهۆی هەڵوێسەكانتان لە ڕابردوودا لە سەرکردایەتیی یەکێتی دوور خرانەوە، ئێستا هەڵوێستتان چۆنە لەسەر ڕووداوەکان؟
- بەڵێ من كە هەڵوێستم هەبووە لەسەر ئەوە بووە كە كردەوە و جوڵەیەكی ناڕەوا بەرامبەر پەیڕەو و پڕۆگرامی حزبێك كراوە کە پەیڕەو و پرۆگرامەکەی پەسەندکراوی کۆنگرە بووە. هەزار كەس لەئەندامانی حزبەکەم بەشداربوون تیایدا و ئەو ئەندامانەش زۆرینەیان بەهەڵبژادن لە ئۆرگانەكانی خوارەوە هاتون ناكرێت بەهێزی سەربازی هاوکێشەکە بگۆڕێت و تەسفیەی حسابی نێوخۆیی بکرێت و ئەندامی سەركردایەتی لەخۆڕا بەبڕیارێك دەربكرێت”.
- لەسەر تەسفیە حساباتی ناو حیزبەكەت چی دەڵێیت ئایا زیانی بە ناوبانگی هەرێمی کوردستان نەگەیاندووە؟
- بەڵێ تەسفیەی حسابات خراپە، كێشەی گروپێكی بچكۆلە كێشەی گوندێك كێشەی دوو خێزان كاریگەری نەرێنی دەبێت لەسەر ئەم وڵات و هەرێمە. ئەوەی لەناو یەكێتی ڕوویداوە و ڕوودەدات بەتەئكید كاریگەریەكی زۆر زۆری لەسەر پرۆسەی سیاسی لەهەرێم هەبووە ، هەم لەسەر ئەزمونی دیموكراسی هەم لەسەر پرۆسەی یەكگرتنەوەی هێزی پێشمەرگە هەم لەسەر مەسەلەی قانون و هەم لەسەر مەسەلەی ئابوری وڵات. دەتوانین بڵێین لەهەندێك وێستگەدا جۆرێك مەترسی لەسەر هەرێمی كوردستان دروست دەكات. ئەم تەسفیە حساباتە زۆر خراپە هیودارم كۆتایی پێ بێت و قانون سەروەر بێت. حكوومەتی هەرێم و پەرلەمانی كوردستان بەشێوەیەك لەشێوەكان قانونێك دەربكات هیچ كەس و گروپ و تاقمێك نەتوانێت بەهۆی هێزی چەكدارەوە زاتی ئەوە بكات پەنا بۆ خۆسەپاندن ببات، وە هەقیش نیە ئەم ڕووداوانەی ئەم دواییە تێكەڵ بە بابەتی سیاسی بكرێت و نێوانی پارتی و یەكێتی پێ ئاڵۆز بكرێت، چونكە ئەمە كردەوەیەكی تیرۆرسیتە پەیوەندی بەدادگاوە هەیە”.
- بۆچوونتان لەسەر دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان چییە؟
- دواخستی هەڵبژانی پەرلەمانی كوردستان، كارێكی خراپە. لەبەرئەوەی هاوپەیمانەکانمان لە یەكەم شتدا كە پشتوانیان لەئێمەی كورد كرد ئەوە بوو هەڵبژاردانمان كرد لەدوای ساڵی ١٩٩١. دواخستی ئەمجارەی هەڵبژاردن هیچ موبەڕیڕێكی بەهێزی نیە بۆ داوخستنی، چونكە نە شەڕ هەیە نە بارودۆخی دارایی زۆر خراپە نە پەتایەكی كوشندە هەیە.
- بۆچی تا ئێستا هەرێمی کوردستان نەیتوانیووە ببێتە خاوەنی دەستوورێکی تایبەت بەخۆی؟
- بۆ هەرێمی كوردستان دەستوور پێویستە. بەپێی دەستووری عێراقی هەرێمی كوردستان دەبێت دەستووری هەبێت. جا ئەم دەستوورە چەند جارێك ڕەشنوسی نووسراوەتەوە و چۆتە پەرلەمان بەڵام لێی بێدەنگن بۆچی! بەبڕوای من دەستوور باشە ئەگریمێنێكی سیاسی نیشتمانیە بۆ هەموو وڵاتێك زەرورە بەتایبەتی بۆ ژیانی هاووڵاتیانی، چونكە بەپێی ئەو دەستوورە دەتوانیت كاروباری وڵاتی خۆت رێكبخەیت ئەرك و مافی تاكەكان جێگیر بكەیت”.
- حكوومەتی نوێی عێراق لەئاست داخوازیەكانی كورددا دەبێت ؟
- پێكهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق پێكهێنانێكی هەمە چەشنە لە پێكهاتەكان. بەشی زۆربەی لایەنە سیاسیەكانی تێدایە، باشترە هێندە دوانەكەوێت. ئەو ساڵەی حكوومەت دواكەوت كێشە و ئاڵنگاری گەورە لەعێراق ڕوویاندا. لەبارەی كوردیشەوە دەکەوێتە سەرئەوەی ئاخۆ كورد بە چ سەنگێک بەشدارە لەم حكوومەتەدا و پێویستە ئەو ئەركانەی دەكەوێتە سەر هەرێمی كوردستان جێبەجێی بکات و لە بەرامبەردا داوای جێبەجێ کردنی مافە دەستوورییەکانی بکات بگاتە ڕێککەوتن لەگەڵ حکوومەتی فیدڕاڵی.