چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

مەسرور بارزانی پێشوازی لە کونسوڵی گشتیی بەریتانیا دەکات

ئەمڕۆ یەکشەممە 4ی دیسەمبەر، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە دەیڤد هانت، کونسوڵی گشتیی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان کرد، کە بە مەبەستی کۆتاییهاتنی ئەرکەکەی سەردانی کردبوو.

سەرۆکی حکومەت سوپاسی کونسوڵی گشتی بەریتانیای کرد کە لەماوەی کارکردنیدا، کاری بۆ بەرەوپێشبردن و پتەوکردنی پەیوەندی نێوان هەرێم و شانشینی یەکگرتوو کردووە و هیوای سەرکەوتنی لە ئەرکی داهاتوویدا بۆ خواست.

کونسوڵی گشتیی بەریتانیا، ئاماژەی بە پەیوەندیی بەهێزی نێوان وڵاتەکەی و هەرێمی کوردستان کرد، بەتایبەتی دوای سەردانی سەرۆکی حکومەت بۆ بەریتانیا لە مانگی چواری ئەمساڵدا، کە بووە وەرچەرخانێک لە بەرەوپێشچوونی پەیوەندیی نێوان هەردوولادا.

کونسوڵی گشتی بەریتانیا هەروەها سوپاسی و پێزانینی خۆی بۆ کارئاسانی و هاوئاهەنگیرکردنی لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کونسولخانەی وڵاتەکەی دەربڕی.

چاکسازییەکانی کابینەی نۆیەم و گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ و پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی و سەروەری عێراق و هەرێمی کوردستان ، چەند تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکانی دیدارەکە بوون.