
له لێدوانێكدا بۆ رۆژنامه‌نووسان، سه‌رۆكی حكومه‌ت گوتی: ئێمه توانیمان بۆ یه‌كه‌مجار به‌روبوومی ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان هه‌نارده‌ی ده‌ره‌وه بكه‌ین. ئه‌مه به‌ڵێنێك بوو پێشتر داومانه و ئێستا سوپاس بۆ خودا كردمان به كردار.
گوتیشی: ده‌رگایه‌كی نوێ بۆ جووتیارانی هه‌رێمی كوردستان كرایه‌وه، رێگه خۆشكه‌ره بۆ هه‌نارده‌ی به‌رهه‌مه كشتووكاڵییه‌كانی دیكه‌ی هه‌رێم بۆ ده‌ره‌وه.
روونیكرده‌وه، ئه‌مجاره بۆ كه‌نداو هه‌نارمان ناردووه و ئه‌مه ده‌ستپێكه و له قۆناغه‌كانی داهاتوو به نیازین، هه‌نجیر و ترێ و سێ‌و و هه‌نگوین ره‌وانه‌ی ده‌ره‌وه بكه‌ین. ئێستا له چه‌ندین وڵاتی كه‌نداو به‌رهه‌می ناوخۆیی هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌سته.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، له‌گه‌ڵ ئه‌وروپاشدا له‌سه‌ر هێڵن بۆ كردنه‌وه‌ی بازار به رووی به‌رهه‌می هه‌رێمی كوردستاندا و گوتی: له‌گه‌ڵ ئه‌وروپاییه‌كانیش قسه‌مان كردووه بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین به‌رهه‌می ناوخۆیی هه‌نارده‌ی ده‌ره‌وه بكه‌ین.
هه‌روه‌ها گوتی: موژده‌یه‌كی خۆشه بۆ جووتیارانی هه‌رێمی كوردستان، كه خه‌می ساغكردنه‌وه‌ی به‌رهه‌میان نه‌بێت و تا به‌رهه‌میان زیاتر بێت، ئێمه ده‌توانین به‌رهه‌مه‌كانیان ره‌وانه‌ی بازار بكه‌ین.
له به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا، سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان گوتی: ئه‌مه یه‌كه‌مجاره ئه‌م ده‌رگایه بۆ خه‌ڵكی كوردستان و جووتیاران ده‌كرێته‌وه، ئه‌مه سه‌رچاوه‌یه‌كی دیكه‌ی داهاته و بابه‌تێكی گرنگه بۆ پێشخستنی كه‌رتی كشتوكاڵی.
گوتیشی: سووپاسی ئه‌م تیمه بكه‌م، ئه‌م ماوه‌یه به شێوه‌یه‌كی به‌رده‌وام هه‌وڵیاندا ئه‌م پرۆسه‌یه سه‌ربخه‌ن و سوپاسی وه‌زیری كشتوكاڵیش ده‌كه‌م، كه پشتیوان بوون بۆ سه‌رخستنی ئه‌م پرۆسه‌یه.

سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان دووپاتیكرده‌وه، تا ئێستا بۆ پێنج وڵاتی كه‌نداو، ئه‌م به‌رهه‌مانه ده‌ڕوات، له‌گه‌ڵ وڵاتانی ئه‌وروپاش قسه‌مان كردووه، بۆ به‌ریتانیا و سوید ده‌ڕوات، له‌گه‌ڵ ئه‌ڵمانیا و ئیتاڵیا و زۆر وڵاتی دیكه‌ی ئه‌وروپا قسه‌مان كردووه، ئه‌مه پرۆسه‌یه‌كی به‌رده‌وام ده‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین بازار به رووی به‌رهه‌می هه‌رێمی كوردستان بكه‌ینه‌وه.
