لە ئەشکەوتی شانەدەر خەڵووز دەدۆزرێتەوە کە لە سەردەمی نیاندەرتاڵەکان بەکارهێندراوە

مارەیەک پارچە خەڵووز کە لە ئەشکەوتی شانەدەر دۆزراونەتەوە، مێژوویێکی نوێی زانستیی مرۆڤناسییان تۆمارکرد. زانکۆی کامبرێج توێژینەوەی تاقیگەیی بۆ پارچە خەڵووزەکان کردووە و گەڕێندراونەتەوە هۆڵی شوێنەواری سۆران.

عەبدولوەهاب سلێمان، بەڕێوەبەری شوێنەواری سۆران دەڵێت، “ئەوەی کە پێشتر پێشبینی دەکرا کە مرۆڤ ژیانێكی کۆچەری هەبووە و تەنیا راوی کردووە، ئەو شتەی کەوتووەتە بەردەستی بۆ نموونە بەروبوومە گیاییەکانی وەرزی تەنیا لێی کردووەتەوە و خواردوویەتی و گۆشتیشی بە خاوی خواردووە، بەڵام ئەم نموونانەی کە بە رەژوو کرابوو یاخود کاربۆنیزە بوو، ئەوەی دەرخست کە مرۆڤی نیاندەرتاڵ شیوی لێنایە.”

ئەشکەوتی شانەدەر مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ چاخی بەردینی کۆن و هەشت هەزار ساڵ پێش زایین. 71 ساڵە هەڵکۆڵینی شوێنەواری لەو ئەشکەوتەدا دەکرێت. هەردوو زانکۆکانی کۆلۆمبیا و کامبرێج تاوەکو ساڵی 2021، 14 مەتر قوڵیانکردووە و توێژینەوەیان لەسەر کردووە.

لە توێژینەوەکاندا مێژووی 75 هەزار ساڵ پێش ئێستای لێ تۆمار کراوە. 11 پەیکەری مرۆڤی نیاندەرتاڵی لێ دۆزراونەتەوە. هەروەها ساڵی 2022، 120 سانتیمەتری دیکە قوڵکرا و مێژووی 110 هەزار ساڵ پێش ئێستای لێ تۆمار کرا.

پرۆڤیسۆر كریس هاندر، سه‌رۆكی تیمی شوێنەوارناسانی کامبرێج دەڵێت، “ئەشکەوتی شانەدەر هاوکار دەبێت کە بۆچی نیاندەرتاڵەکان لەنێوچوون. تێگەیشتنە گشتییەکە ئەوەیە کە نیاندەرتاڵەکان کەمتر لە ئێمە سەرکەوتووبوون.”

شانەدەر گەورەترین ئەشکەتی باشووری کوردستان و عێراقە. بەرزییەکەی 18 مەترە و 40 مەتر درێژییەکەیەتی و، 27 مەتر پانە. دەکەوێتە بناری چیای برادۆست لە دەڤەری بارزان، بەرزی لە ئاستی رووی دەریاوە دوو هەزارو 200 مەترە.