عەبدوڵای کوێخا موبارەک وەڵامێکی دەمکوتکەری بافڵ تاڵەبانی دەداتەوە

فەرماندەیەکی پێشمەرگە وەڵامی تۆمەتەکانی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەداتەوە.
عەبدوڵای کوێخا موبارەک، لە پێگەی خۆی، گرافیکێکی بڵاو کردۆتەوە کە تێیدا بافڵ تاڵەبانی گوتوویەتی، عەبدوڵای کوێخا موبارەک رێگر بووە و کراوە بە جەنەڕاڵ.

لە بەرامبەردا عەبدوڵای کوێخا موبارەک دەڵێ: “بەڵێ ڕێگر بووم، بەڵام ڕێگری لە چی؟ با خەڵکی کوردستان و چەمچەماڵ بە ویژدانەوە وەڵامی ئەمە بدەنەوە. بەڵێ ژەنەڕاڵم، بەڵام ھی ئێستا نا، بەڵکوو لە سەردەمی باب و باپیرانم و لە شۆڕشە یەک لە دوای یەکەکانی گەلی کوردەوە.”

لەبارەی هێزەکەشیەوە ئەو تۆمەتانەی بافڵ تاڵەبانی بەدرۆ دەخاتەوە کە گوایە پارتی هێزی بۆ دروست کردبێ و دەڵێ: “بەڵێ ھێزەکەمان خستە سەر وەزارەتی پێشمەرگە و کردمان بە ھێزێکی نیزامی لە چوارچێوەی پرۆسەی چاکسازیدا و ئەوە جێگای شانازی و شایەنی دەستخۆشییە، چونکە سەلمێنەری ئەوەیە کە بڕوامان بە ھێزی تایبەتی کەسی و حزبی نییە، بەڵام ئەوانە میلیشیا نەبوون، بەڵکو نەوەی ئەنفالکراوان و شەھیدانی چەمچەماڵن، ئەگەر گەنجانی چەمچەماڵ یەک تۆز هۆشیار بن، دەبێ تێبگەن ئەوە چی سوکایەتییەکە پێیان دەکرێ، تێبگەن بۆ لە ڕابردوودا پشت گوێ خرابوون.”

جەختیشی کردۆتەوە، سوکایەتی کردن بەو گەنجانە بە ناوھێنانیان وەکوو میلیشیا سوکایەتییە بە تەواوی خەڵکی چەمچەماڵ و شەھیدان و ئەنفالکراوانی ئەو سنوورە.

لە کۆتاییشدا فەرماندەکەی پێشمەرگە ئاماژەی بەوە داوە: “ڕەنگە لە ھەڵە و کەموکورتی بەدەر نەبین، بەڵام گرنگ لە ھەر ھەڵە و ڕووداوێکدا ملکەچی یاسا و ئامادەی سزادان بووین، ھیچ کەسێکی غەدرکەر و یاخی لە یاساش بۆی نییە لە پاڵ ئێمەدا خۆی حەشار بدات، ئەوە دادگا و لایەنی پەیوەندیدار دەتوانن بەدواداچوونی ورد بۆ ئەم قسەیەمان بکەن. بێ وەفایی و لەبەرچاو نەگرتنی قوربانی دان و تێکۆشانی ڕابردوو، لادان لە لۆژیک و ھەقیقەت، خۆکوژییە و شێتییە ئەمما شێتی.”