بە گوژمەی زیاتر لە یەک ملیار دۆلار پڕۆژەی کشتوکاڵی جێبەجێ کراون

سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان گوتی، لە هەرێمی کوردستان 37 پڕۆژەی کشتوکاڵی بە گوژمەی زیاتر لە ملیارێک دۆلار جێبەجێ کراون و لە ماوەی ئەم کابینەیەدا مۆڵەت بە 12 پڕۆژە دراوە، ئەمەش وای کردووە ڕێژەی وەبەرهێنان لە کەرتی کشتوکاڵ بۆ نزیکەی 100% زیاد بێت.

دکتۆر محەمەد شوکری، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ”لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا وەرچەرخانێکی گرنگ لە بواری پڕۆژەکانی وەبەرهێنان لە کەرتی کشتوکاڵ ڕووی داوە، بۆ نموونە لە ساڵی 2006ـوە تاوەکوو مانگی هەشتی ئەمساڵ پڕۆژەکانی وەبەرهێنان لە بواری کشتوکاڵ 37 پڕۆژە بوون بە سەرمایەی زیاتر لە ملێارێک دۆلار، لە ساڵی 2019 تاوەکوو ئەمساڵ سەرووی 12 پڕۆژەی کشتوکاڵی مۆڵەتیان پێ دراوە، بەمەش ڕێژەی وەبەرهێنانی کشتوکاڵی لە 1،6% بۆ 2،9% بەرز بووەتەوە و نزیکەی 100% زیادی کردووە.”

دکتۆر محەمەد شوکری گوتیشی: ”سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەت پێداگری دەکەن کە گرنگیی زیاتر بە کەرتی کشتوکاڵ بدرێت و هەماهەنگی دەستەی وەبەرهێنانیش لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵ گەشەسەندنی لە بواری کشتوکاڵ زیاتر کردووە، بۆیە حکوومەتی هەرێمی کوردستان گرنگیی زۆر بە کەرتی کشتوکاڵ دەدات، ئەمەش بۆ هەمەجۆرکردنی داهاتەکانی هەرێمی کوردستان.”