سەرۆکی دەستەی دەستپاکی: هەنگاوی باشمان بڕیووە لە جێبەجێکردنی ستراتیژی رووبەرووبوونەوەی گەندەڵی

سەرۆکی دەستەی دەستپاکی هەرێمی کوردستان باسی لەوەکرد، هەنگاوی باشییان بڕیووە لە جێبەجێکردنی ستراتیژی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و جێبەجێکردنی پرۆسەی چاکسازی.

حاکم ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆکی دەستەی دەستپاکی هەرێمی کوردستان لە میانەی بەرێوەچوونی چالاکییەک بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی لە شاری هەولێر رایگەیاند، ساڵی رابردوو ستراتیژی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیان داناوە و لەسەرەتای ساڵی داهاتوو راپۆرتێک لەو بارەوە دەخەنەڕوو.

سەرۆکی دەستەی دەستپاکی پێشیوایە جێبەجێکردنی ئەو ستراتیژییە دەبێتە هۆی بەرەوپێشبردنی پرۆسەی چاکسازی لە هەرێمی کوردستان.

سەبارەی بە پرسی سپیکردنەوەی پارە حاکم ئەحمەد گوتی: لە هەرێمی کوردستان بۆشایی یاسایی لەو بوارەدا هەیە کە ئێستا لە عێراق زۆر قسەی لەسەر دەکرێت، بەڵام لە رێگەی ئەو لێکتێگەیشتنەی لەگەڵ بانکی ناوەندی عێراق واژۆیانکردووە کاری جددی تێدا دەکەن.

رۆژی 9ی کانوونی یەکەمی هەموو ساڵێک، رۆژی جیهانی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵییە لەسەرتاسەری جیهان، بەو بۆنەیەوە ساڵانە لە هەرێمی کوردستان چەندین چالاکی ئەنجامدەدرێت.