لەبارەی فرەژنی لە هەرێمی کوردستان دادگەی فیدراڵی بڕیارێك دەردەکات

دادگەی فیدراڵی عێراق یاسای باری کەسی لە هەرێمی کوردستان کە پرسی فرەژنی لەخۆدەگرێت، رەتدەکاتەوە.

دادگەی فیدراڵی عێراق بە نووسراوێکی فەرمی، کە لە رێکەوتی 30ـی تشرینی دووەمی 2022 بڵاوکراوەتەوە و تێیدا هاتووە، یاسای باری کەسی بە گوێرەی ماددەی 18 لە یاسای ژمارە 15ـی ساڵی 2008 لە هەرێمی کوردستان کە پرسی فرەژنی دەگرێتەوە، لەگەڵ دەستووری عێراق ناگونجێت.

دادگەکە راشیگەیاند، لە رۆژی دەرچوونی ئەم نووسراوەوە، بە زۆرینەی دەنگ ماددەی 18 لە یاسای ژمارە 15ـی ساڵی 2008 ی هەرێمی کوردستان بە نادەستووری لەقەڵەم دەدرێت.

بە گوێرەی ماددەی 18 لە یاسای 15ـی ساڵی 2008ی هەرێمی کوردستان کارکردن بە بڕگەی پێنجی ماددەی 40ـی یاسای باری کەسی رادەگیرێت و بەمجۆرە هەمواردەکرێتەوە (هەر پیاوێک جگە لە ژنی یەکەمی ژنێکی دیکە بهێنێت، ژنی یەکەمی مافی داوای لێکجیابوونەوەی هەیە).