سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

كاروان ساڵح بۆ بافڵ تاڵەبانی: ئەوەی تۆمەتباری تیرۆر داڵدە بدات، واتە بەشدارە لەو تاوانە

چاودێرێکی سیاسی و په‌رله‌مانتاری پێشووی په‌رله‌مانی کوردستان، باس له‌ که‌یسی تیرۆركردنی هاوکار جاف ده‌کات که‌ بکه‌رانی ئێستا له‌لایه‌ن سه‌رۆکی یه‌کێتییه‌وه‌ داڵده ‌دراون و رێگا نادرێت راده‌ستی دادگا بکرێن. ده‌شڵێت: ”ئه‌وه‌ی تیرۆریست داڵده‌ بدات، خۆیشی به‌شداره‌ له‌ تاوانه‌که.“

کاروان ساڵح، چاودێری سیاسی و پەرلەمانتاری پێشووی كوردستان، بۆ رایگەیاند: ئه‌وانه‌ی بیانه‌وێت ناوبانگی هەرێمی کوردستان بشێوێنن، ده‌ست بۆ هه‌ولێر درێژ ده‌که‌ن، له‌کاتێکدا که‌ رووداوێکی وه‌ک تیرۆرکردنی عەقید هاوکار جاف، ئەفسەری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان دروست ده‌بێت و کاردانه‌وه‌ی نێوده‌وڵه‌تیی بەدوادا دێت، ئه‌مه‌ بۆ کوردستان جوان نییه‌ و هەوڵی له‌که‌دارکردنی ناوبانگی كوردستانه،‌ هه‌ر جۆره‌ کرده‌یه‌کی تیرۆریستی له‌ كوردستان به‌م شێوه‌ بکرێت، جگه‌ له‌ ده‌ستگرتنی دوژمنان و پیلانی دوژمنان هیچی دیکه‌ نییه‌ و هه‌وڵ ده‌ده‌ن خه‌ونی گه‌لی کورد له‌ هه‌ولێره‌وه‌ بشکێنن، ئه‌وه‌یشی عەقید هاوکار جافی تیرۆر کرد و هه‌ولێری کرده‌ ئامانج، دواجار سه‌ری خۆی ده‌خوات.“

گوتیشی: ”بافڵ تاڵەبانی و گرووپه‌که‌ی ده‌یانه‌وێت له‌سه‌ر ئه‌و که‌یسه‌ دانوستان بکه‌ن، دانوستان له‌ رووی یاساییه‌وه‌ بڤه‌یه‌ و تۆمه‌تبار ده‌بێت بێته‌ به‌رده‌م دادگا، یان دانی پێدا دەنێت كە چی کردووه،‌ یان روونکردنه‌وه‌ ده‌دات و ئه‌و تاوانه‌ له‌سه‌ر خۆی لاده‌بات؟ ئیتر ده‌ستبردن بۆ دوژمن و وڵاتانی دراوسێ له‌ دژی کوردستان، بۆ ئه‌وه‌ی که‌ حکوومه‌ت واز له‌و که‌یسه‌ بهێنێت و لایه‌نه‌کانی دیکه‌ش که‌ پشتیوانیی له‌ حکوومه‌ت ده‌که‌ن، ئه‌و بابه‌ته‌ په‌رده‌پۆش بکه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م جاره‌ لێی ده‌ربچن.“

كاروان ساڵح پێیوایە كە بەشێكی هەوڵەكانی ئێستای یەكێتی بۆ ئەوەیە لە دۆسیەی تیرۆركردنی هاوكار جاف بە سەلامەتی دەربچن، ”وەك چۆن جاری پێشووتر لێی ده‌رچوون، لە كاتێكدا ده‌بوو ئه‌وانه‌ی خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەریان کرد، دادگایی بکرێن، مێژوو زۆر شتمان بیر ده‌هێنێته‌وه‌، هه‌ر ئه‌و گرووپه‌ی بکه‌رانی كردەوەی تیرۆركردنی هاوکار جافیان داڵده ‌داوه‌، ویستیان سلێمانی له‌ کوردستان جیا بکه‌نه‌وه‌، داوا ده‌که‌ین ئه‌و گرووپه‌ ده‌ست هه‌ڵبگرن تا ئاوی روویان ماوه،‌ بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن جارێکی دیکه‌ له‌گه‌ڵ یاسا و رێسای هه‌رێمی كوردستان بڕۆن.“

جەختیشی لەوە كردەوە: ”ڕاشكاوانە به‌ کاک بافڵ دەڵێم، له‌خۆگرتنی ئه‌و که‌سانه‌ی که‌ له‌ هه‌ولێر كردەوەی تیرۆریستییان کردووه،‌ به‌شێکه‌ له‌ به‌شداریکردن لە تاوانەكە و هیچ پاساوی دیکه‌ هه‌ڵناگرێت، یان ده‌بێت ده‌ستی لێ هه‌ڵگرن، یان ده‌بێت دانی پێدا بنێن که‌ چییان کردووه،‌ که‌ هه‌ر واشیان کردووه،‌ چیان له‌ده‌ست هاتووه‌ کردوویانه. ئەوانەی دەستیان هەبووە له‌ تێکدانی ئارامیی ئه‌م هەرێمە، ناتوانن خۆیان لە یاسا ده‌رباز بکه‌ن، ده‌بێ بافڵ تاڵەبانی و ئه‌وان بزانن، ئه‌و بکه‌رانه‌ بچنه‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵاتیش هەر راده‌ست ده‌کرێنەوە، مه‌گه‌ر بیانخه‌نه‌ باوه‌شی دوژمنان، ئەگینا ده‌بێ ده‌ستگیر بکرێن و بێنه‌ به‌رده‌م دادگا و دان بە تاوانەكەیاندا بنێن.“