ڕێزان شێخ دلێر ڕاوێژكاری پێشوی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان، لەم چاوپێكەوتنەدا دەڵێت : حکوومەتی نوێی عێراق بە داواکارییە بنەڕەتییەکانی كورد ڕازی بوە كە ماددەی سەدو چل و گەڕانەوەی پێشمەرگەیە بۆ ناوچە جێناكۆكەكانی دەرەوەی هەرێم. دەشڵێت:” دەبێت هەردوو حیزبی دەسەڵاتدار هاوكاری یەكتر بن بە لاوازی نەچنە بەغدا تا زیانی بۆ مافە دەستووریەكانی كورد نەبێت لە داهاتودا”.
- لەماوەی ڕابردوودا یەکێک بووی لە سزادراوانی نێو یەکێتی، ئایا ئەو سزایە بەردەوامە؟
- بەڵێ سزادانم بەردەوامە، ئەوان منیان لابرد لە ڕاوێژكاری مەكتەبی سیاسی و سزایان دام.
- ئێستاش لەسەر بۆچوونەكانت بەردەوامیت ؟
- بەڵێ وەك شانازی، شانازی بە سزادانمەوە دەكەم. چونكە لەسەر هەقبێژی و هەڵوێستەكانم بووە هیچ گەندەڵیەكم نەكردووە لەگەڵ ئەوەشدا پۆستەكەی من زۆر ڕەمزی بوو، پۆستێك نەبووە تا زۆر سوودمەند بووبم لێی ئەوكاتەش لەو پۆستە دورخرامەوە، پەرلەمانتار بووم”.
- وەك ژنێك، ڕۆڵی ژنان لە کایەی سیاسیدا چۆن دەبینیت ؟
-كاتێك باس لەبەشداریی سیاسیی ژن دەكرێت لەكایەی سیاسیدا گرنگی خۆی هەیە، دەبێت بپرسین ئەو ژنانە چۆن بەشداریی سیاسی دەكەن؟ چۆن دەتوانن بەتایبەت لە حیزبە سیاسییەكاندا لەناو حكوومەتدا بە ئازادانە و ئازایانە بتوانن كاربكەن؟ من خۆم یەكێكم لەو ژنانەی لە دەرەوەی ئیرادەی ئەوان قسە دەكەم، لەبەر ئەوە بۆت دەردەكەوێت زۆربەی ژنان دەبێت دەستەمۆی ئەو حیزبە بن کە كاری سیاسی تێدا دەكەن. ژنان ناتوانن مەركەزی قەرار بن لە حیزبە سیاسییەكاندا. - بۆچوونتان لەسەر دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمان چییە؟
-هۆی دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمان بۆ یەك ساڵی دیكە، دەزانین، بەڵام دەبێت كار لەسەر فرە بازنەیی بكرێت. دەبێت پەرلەمانتارەكان لەهەموو جێگەیەك دەنگی خۆیان هەبێت وە بەپێی بازنە بێت بەتایبەتی هەرێمی كوردستان كە لە چوار پارێزگا پێك هاتووە، دەبێت هەڵبژاردن یەك بازنە نەبێت؛ بۆ ئەمەش پێویستە حیزبە سیاسییەكان لەسەر ئەم بابەتە ڕێك بكەون ئەوكات هەڵبژاردن بكرێت”. - هەبوونی دەستوورێک بۆ هەرێمی کوردستان بۆچی گرنگە؟
-ئێمە دەزانین دەستوور گرنگی خۆی هەیە، هەرێمی كوردستان لە ساڵی ١٩٩١ەوە سەربەخۆین دەستوورێكمان نییە ئەمەش لاوازیی هەندێك لە حیزبە سیاسییەكانە.
•* سەبارەت بەو دەستدرێکی و هێرشانەی دەکرێنە سەر خاکی هەرێم، پێتان وایە بیانووەکان ڕەوان؟
- بەهیچ شێوەیەك هیچ دەستدرێژیییەك بۆسەر هەر وڵاتێك ڕەوا نییە، ئێمە ئەگەر تەنیا باس لە حیزبە سیاسییەكانی پارچەكانی دیكەی كوردستاندا بکەین كە لە هەرێم وە هەروەها لە دەوڵەتە ئەوروپیەكان و ئەمریكا و لوبنان كاردەكەن، ئایا ئێران و توركیا دەتوانن بچن بەشێوەی هەرێمی كوردستان مامەڵە لەگەڵ ئەو دەوڵەتانەدا بكەن؟ بەداخەوە دەیڵێم عێراق سیادەی لاوازە و نەیتوانیوە بە هەڵوێستی توند و ڕاشکاوانە مامەڵە لەگەڵ ئێران و توركیا و وڵاتانی دراوسێ بكات.
- حکوومەتی نوێی عێراق پێك هێنراوە و هەمووان بەهیواوە سەیری دەكەن كە بۆ پێدانی مافە دەستوریەكانی كورد دەست كراوە بێت، ئێوە لەوبارەیەوە چی دەڵێن؟
- حکوومەتی نوێی عێراق بە ڕێكکەوتنی لایەنە سیاسییەكان دروست بووە. بەغدا بەمەرجە بنەڕەتییەکانی كورد ڕازی بووە، كە ماددەی سەد و چل و گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ ناوچەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستانە، بەڵام من لەو بڕوایەدا نیم حكوومەتی ئێستای عێراق بتوانێت بەو شێوەیە مافەكانی كورد بدات، بەڵکو تەنها بۆ پێک هێنانی حکوومەتە. لەبەر ئەوە كورد دەبێت بەهێز بێت وخۆی هاوكاری خۆی بێت.