چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

ژێر پردەكەی سلێمانی دەبێتە هەفتەبازاڕی مەل و ئاژەڵی خۆماڵی ‌و بیانی

مەزهەر كەریم – سلێمانی

جیاواز لە دەیان ساڵەی ئەو شەقامە ڕۆژانی هەینی ژێر پردەكەی شاری سلێمانی دەبێتە هەفتەبازاڕ و شوێنی كڕین ‌و فرۆشی چەندین جۆر مەل (پەڕەور؛ باڵندە) و ئاژەڵی خۆماڵی ‌و بیانیەوە دەكرێت.

سیروان شەریف یەكێكە لەو هاووڵاتیانەی لە بەیانیەكی زووی رۆژی هەینیدا هاتبووە ژێر پردەكەی شاری سلێمانی بۆ “هەولێر” وتی: “ئێمە هاتووین بۆ ئێرە لەگەڵ هەڵهاتنی خۆر لە ڕۆژی هەینیدا دەستەدەستە خەڵک، پیاوان ‌و گەنجان ومنداڵان‌، بۆ كڕین ‌و فرۆشتنی مەل و ئاژەڵی ماڵی دێنە ئێرە؛ چونكە جیاواز لە ڕۆژانی دیكە، كە ڕۆژەكانی دیكەی هەفتە كە خەڵكی بەپەنجەی دەست دەژمێردرێن، بەڵام لەم ڕۆژەدا لە دەشت و ناوشار و قەزا و ناحیەكانەوە خەڵكی دێن بۆ كڕین ‌و فرۆشتن كە زۆرینەیان چەندین جۆر مەل و ئاژەڵی ماڵییان پێیە و كڕین ‌و فرۆشی پێوە دەكەن.”
وتیشی: “ئەوەی لە‌و بازاڕەدا دەفرۆشرێت بریتیە لە وشترمل (نەعامە) و مار و كەروێشكی هۆڵنی ‌و تووتی ‌و مەیموون ‌و خورماخۆرە و قزڵاغ ‌و كۆتر و كەناری ‌و مراوی ‌و قاز ‌و قەل و مریشكک و كەڵەشیری كۆری ‌و شامی ‌و سنگەسووچەڕ ‌و گورگ ‌و ڕێوی و دەیانی دیكە، كە هەریەكەیان بەنرخی جیاواز دەفرۆشرێن ‌و مامەڵەی پێوە دەكرێت‌ و نرخێكی دیاریكراویان نیە.”
سیروان شەریف دەشڵێت: “لەو ڕۆژەدا خەڵكێكی زۆر دێن ‌و نرخەكان جیاوازن لە ڕۆژانی دیكە بەهۆی ئەوەی خەڵكی جیاواز لە ڕۆژەكانی دیكە مامەڵە دەكەن ‌و پەڕەور (ئەو مەلەی کە دەفڕێ) و پەلەوەر (ئەو مەلەی کە نافڕێ) و باڵندە ‌و ئاژەڵەكانیان هەرزان دەفرۆشن؛ نرخیان گونجاوە، جیاواز لەو كەسانەی رۆژانی ئاسایی لە بازاڕەكەدان و بەردەوام ئەو كارە دەكەن؛ چونكە دەست دووكاندارەكان ناكەوێن تا بە گران پێیانی بفرۆشنەوە”.

لە ناوەڕاستی پەنجاكانی سەدەی ڕابردووەوە ژێر پردەكەی سلێمانی كاری پەلەوەرفرۆشیی لێ دەكرێت؛ ماوەی چەند ساڵێك دەبێت وەك هەفتەبازاڕ كاری كڕین ‌و فرۆشتی باڵندە و ئاژەڵی ماڵیی تێدا دەكرێت؛ بەو هۆیەوە زۆرترین دووكانی ئەو گوزەرە كارەكانی دیكەی وەك دانەویڵەفرۆشی‌ و وردەواڵەفرۆشی ‌و ئامانفرۆشی (قاپوقاچاغفرۆشی) بە ڕیژەیەكی بەرچاو كەم بووەتەوە؛ ئەوەی دەبینرێت كاری قەفەز و پێداویستی باڵندەی لێ دەفرۆشرێت.