سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

هەولێر.. گوژمەیه‌ك بۆ پەرەپێدانی سێكتەری ئاوی خواردنەوە خەرج کرا

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار گوژمەی زیاتر لە 215 ملیۆن دینار بۆ پەرەپێدانی سێكتەری ئاوی خواردنەوە لە هەولێر خەرج دەكات.
وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار ڕەزامەندی دا لەسەر خەرجكردنی گوژمەی (215,270,500) دینار بە مەبەستی پەرەپێدانی پرۆسەی بەرهەمهێنانی ئاوی خواردنەوە و دابەشكردنی بەسەر دانیشتووانی سنووری شاری هەولێر و دەوروبەری.
ئەو گوژمەیە بەپێی چەند فەرمانێكی وەزاری كە بە واژووی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لەسەر داهاتی بەڕێوەبەرایەتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەولێر بۆ جێبەجێكردنی ژمارەیەك پرۆژە خەرج دەكرێت.
پرۆژەكان تایبەت بە سێكتەری ئاوی خواردنەوەن، وەك كڕینی سووتەمەنی و گۆڕین و درێژكردنەوە و دانانی تۆڕی ئاو و چاككردنەوەی بیرەكانی ئاو و چەند بوارێكی تری تایبەت بە پرۆسەی بەرهەمهێنان و دابەشكردنی ئاوی خواردنەوە بەسەر دانیشتووانی سنووری بەڕێوەبەرایەتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەولێر، ئەو گوژمەیە كاریگەری لەسەر ئەو سێكتەرە دەبێت، بە تایبەتی لە گەیاندنی ئاوی خواردنەوە بۆ ماڵان.