سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

پارتی دەیەوێت سەنگەرێکی یەکگرتوو لە بەغدا بۆ پارێزگاریکردن لە مافەکانی کوردستانیان، هەبێت

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

پارتی ھەوڵدەدات ھەموو حزب و لایەنە کوردستانییەکان لەژێر یەک چەتردا کۆبکاتەوە، ئەویش چەتری یەکڕیزییە، چونکە پێی وایە بەو شێوە دەتوانن ھاوپەیمانیەتێکی بەھێز دروست بکەن و بەرامبەر بە ھەموو ئەو تەحەدیاتانە بوەستنەوە کە ڕووبەرووی ھەرێمی کوردستان دەبنەوە. حزب و لایەنەکانیش ئەم ھەڵوێستەی پارتییان بەلاوە گرنگە و پێشوازی لە دەستپێشخەرییەکە دەکەن. چاودێرانیش دەڵێن ”ئەگەر ئەو یەکڕیزییە نەبێت، قەوارەی ھەرێمی کوردستان دەکەوێتە مەترسییەوە و پارتییش ھەستی بەو مەترسییە کردووە، بۆیە تاکەڕێگە لە بەردەم لایەنە کوردستانییەکان بۆ وە دەستخستنی مافەکانی خەڵکی کوردستان لە بەغدا ئەوەیەیەکڕیز بن، ئەو یەکڕیزیەش بە وەلاوە نانی ناکۆکییەکان و ڕێکخستنی ناوماڵی کورد دابین دەکرێت.

د. ھێمن ھەورامی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان، ڕایگەیاند: پارتی لاپەڕەیەکی نوێ لەگەڵ ھەموو لایەنەکان بەیەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیشەوە دەکاتەوە. ئەوەشیڕاگەیاندووە، شاندیش دروست دەکەن و سەردانی ھەموو لایەنەکان دەکەن. دەشڵێت: ڕەنگە یەکەملایەنیش کە سەردانی بکەین،یەکێتی بێت. ھەر لایەنێکیش بیەوێت و ئامادەبێت ئەو لاپەڕە نوێیە لە پارتی دیموکراتی کوردستان بکاتەوە، ئەگەر ئەوان ھەنگاوێک بێنە پێشەوە، ئێمە دوو ھەنگاو دەچینە پێشەوە.
پەیامی پارتی دیموکراتی کوردستان لە دوای کۆنگرەی ١٤ پەیامی برایەتییە، پەیامی کرانەوە و دیالۆگە، پەیامی یەکتر قبووڵکردنە، پەیامی سەرلەنوێ پێناسەکردنەوەی ئەو قۆناغەیە کە ئێستا بزاڤی رزگاریخوازیی کوردستان پێیدا تێدەپەڕێت. دەستنیشانکردنی سەرچاوەی ھەڕەشەکردن و ئەو بەرژەوەندییانەی کە ھەرێمی کوردستان ھەیەتی، بۆ ئەوەی بتوانین بەیەکڕیزی و لێکگەیشتن ئەو قۆناغە سەختەش تێپەڕێنین.
د. محەمەد مستەفا، چاودێری سیاسی، ڕایگەیاند: لەیەکەم کۆبوونەوەی کۆمیتەی ناوەندی کە بە سەرپەرشتی سەرۆک بارزانی بەڕێوەچوو، بڕیاری زۆر گرنگ دران، ئەوەش بووە جێگەی خۆشحاڵی حزب و لایەنەکان. ھەموو لایەنەکان ھەڵوێستی پارتییان بەلاوە گرنگە و پێشوازی لە دەستپێشخەرییەکە دەکەن، ئەوەش ئەوە دەگەیەنێت کە سەرۆک بارزانی و پارتی ھەموو کاتێک لە خەمی یەکڕیزیی گەلی کورددا بوونە، بەتایبەتی لەم بارودۆخەدا، چونکە ئەگەر یەکڕیز بن، ھیچ کەس و لایەنێک ناتوانێت بەرامبەر بە کورد بوەستێتەوە، دەشتوانن پێکەوە زۆر شت بە دەست بھێنن، بۆیە دەبێت لایەنەکان خۆیان یەکلا بکەنەوە و یەکڕیزبن.
مستەفا، دەشڵێ:” ئەرکی سەرشانی ھەموو حزبە سیاسییەکانی کوردستانە، جیاوازییەکانیان لە چیای حەمرین بەجێ بهێڵن بنێن، چونکە ئەگەر کورد لە بەغدا یەکگرتوو نەبێت، ئەوەشی کیە بە دەستی ھێناوە، لە دەستی دەدات، بەڵام ئەگەر یەکگرتوو بێت دەتوانێت دەستکەوتەکان بپارێزێت و دەستکەوتی زیاتریش بە دەست بھێنێت. ئێستەش زۆر بابەت لە نێوان ھەولێر و بەغدا ماون و چارە نەکراون، بۆ نموونە بابەتی ماددەی ١٤٠ و پێشمەرگە و چەندین بابەتی دیکە، ئەوانەش تەنها بەیەکڕیزیی لایەنە کوردستانییەکان چارە دەبن و کورد بە مافەکانی خۆی دەگات”.
سەرکەوت حامید، چاودێری سیاسی، گوتی: ھەموو لایەنەکان دەزانن لەوەتەی پارتی دامەزراوە ھەتا ئەمڕۆ کە زیاتر لە ٧٦ ساڵە، لەڕووی جەماوەرییەوە، لەڕووی دیبلۆماسییەوە، ھەموو کاتێک یەکەم بووە، دەیتوانی زۆر شت بکات و دەستکەوتی زۆریش بۆ خۆی بە دەست بهێنێت، بەڵام ھیچکات نەیویستووە لەیەکڕیزی لابدات و بەرژەوەندی گەلەکەی خستۆتە پێش بەرژەوەندی حزبی؛ ئێستەش کەڕایگەیاندووە شاندێک دروست دەکات و سەردانی ھەموو لایەنەکان دەکات، دەبێت حزب و لایەنەکانی دیکەش ھەمان شت بکەن، بۆ ئەوەی بە ھەموویان بتوانن بەرگری لە خاکی کوردستان بکەن.
حامید، لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: زیاتر لە ٥٥ ماددەی دەستووری لەلایەن بەغداوە بەرانبەر ھەرێمی کوردستان پێشێل کراون، بۆیە یەکێک لە ئەرکەکانی کورد دەبێت کارکردن بێت بۆ جێبەجێکردنی ئەو ماددە دەستووریانە و دابینکردنی بەشە بودجەی خەڵک و ھێزی پێشمەرگە، چونکە ئەمانە مافی خەڵکی کوردستانن، پێویستە کاری بۆ بکەن لە بەغدا، نەک دژییەکدی بوەستنەوە و کێشە ناوخۆییەکان بۆ بەغدا بگوازنەوە. دەبێت ھەرچی زووە ئەو پەرتەوازەییە نەمێنێت و کورد ناو ماڵی خۆیڕێک بخاتەوە.
د. محەمەد میرزا، چاودێری سیاسی، گوتی: بە دەستهێنانی ماف و داخوازییەکانی کورد لە پلە و پۆست گرنگترە، بۆیە دەبێت کورد خیتابێکی یەکگرتووی ھەبێت. پارتی وەکو لایەنێکی سیاسی خەمییەکڕیزی و بە دەستهێنانی ماف و داخوازییەکانی گەلی کوردە کە لە دەستووری عێراقدا ھاتووە، بەداخەوە ھەندێک لایەن بۆ بەرژەوەندیی خۆیان و بە دەستهێنانی پۆستێک لە بەغدا، داخوازییەکانی خەڵکی کوردستانیان پشتگوێ خستووە، ئەوەش وا دەکات کە لە ھەڵبژاردنی داھاتوودا خەڵکی کوردستان ئەو لایەنانە سزا بدەن و دەنگ بەو لایەنە بدەن کە شەڕ لەسەر مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان دەکات”.