سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

بێكەس قادر، ئەندامی مەكتەبی سیاسیی حیزبی زەحەمەتكێشانی كوردستان:دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان هیچ پاساوێكی شەرعی نەبوو

مه‌زهه‌ر كه‌ریم

بیکەس قادر، ئەندامی مەكتەبی سیاسیی حیزبی زەحمەتكێشانی كوردستان دەڵێت:” هەبونی دستوور لەهەرێمی كوردستان مافێكی دەستووری هاوڵاتیانی كوردستانە و دەبێتە پتەوكردنی پایەكانی حكوومڕانی و سەقامگیریی زیاتری سیاسی”.

بێكەس قادر، ئەندامی مەكتەبی سیاسی حیزبی زەحمەتكێشانی كوردستان، لەم چاوپێكەتنەیدا دەشڵێت: نەبوونی دەستوور پەیوەندی بەخەمساردی و بێباكیی هەندێك لایەنەوە هەیە لەناوخۆدا، دەستی دەرەكی هیچ ڕۆڵێکی نییە لەدواكەوتنی نوسینەوەی دەستوور”.

  • وەك حیزبی زەحمەتكێشان، بۆ ئەم قۆناغە چ پەیامێکتان بۆ حزبەکانی کوردستان هەیە ؟
  • پێمانوایە لەم قۆناخەدا، پێویستە حزبەكانی كوردستان لە نێوخۆدا كێشە سیاسییەكانی ئێستا لە ڕێگەی دیالۆگی بەردەوام چارە بكەن، چونكە ئەزموونی ڕابردوو ئەو ڕاستییەی سەلماندووە، كە ئەلتەرناتیڤی دیالۆگ، بۆ چارەسەركردنی كێشەكان هەر دیالۆگە و نابێ لەسەر حیسابی بەرژەوەندییەكانی خەڵكی كوردستان ململانێی نێوان لایەنەكان درێژەی پێ بدرێت.
  • لەبارەی دواخستنی هەڵبژاردنەوە هەڵوێستتان چیە؟
  • دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان هیچ پاساوێكی شەرعی نەبوو، زاڵ كردنی ململانێی لاوەكی و لەبەرچاو گرتنی بەرژەوەندی حزبی هۆی سەرەکی دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانە.
  • هەرێم هێشتا خاوەنی دەستوور نییە، پێتان وانییە دەستی دەرەكی لەپشتەوە بێت؟
  • بە گوێرەی دەستووری عێراق، مافی قانوونیی هەرێمی کوردستانە کە دەستووری تایبەت بە خۆی هەبێت. نەبوونی دەستوور لە هەرێم پەیوەندی بە دەستی دەرەكییەوە نییە، بەڵكوو پێوەندی بە خەمساردی و بێباكیی هەندێك لایەن هەیە لە نێوخۆدا.
  • کاریگەرییەکانی هەبوونی دەستوور بۆ ئەمڕۆی هەرێم چی دەبوو؟
  • هەبوونی دەستوور ،هاندەر دەبوو بۆ پتەوكردنی پایەكانی حوكمڕانی دامەزراوەیی و سەقامگیریی سیاسی، ئەمە لەلایەك و لەلایەكی دیكەشەوە بۆ نموونە، دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، دەبووە پێچەوانەی دەستوور و وەك ئێستا بە ئاسانی نەدەبوو.
  • گرژی و ئاڵۆزییە نێوخۆییەکان چ کاریگەرییەکی بۆ پێگەی هەرێم دەبێت؟
  • زەقبوونەوەی ناكۆكی و ناتەبایی نێوان لایەنە سیاسییە كوردستانییەكان، لە ڕابردوو و ئێستەشدا هۆیەکە بۆ ئەوەی نەیارانی كورد، نەك هەر گوشار زیاتر بكەن، بەڵكوو بە ئاسانی پیلانەكانی خۆیان دژ بە كورد جێبەجێ بكەن. بۆیە ئێستا پەرەسەندنی ناكۆكییەكانی ناوخۆ لێكەوتەكانی لە مەترسییەكانی دەرەكی زیاترە.
  • حکوومەتی نوێێ عێراق مامەڵەی لەگەڵ هەرێم چۆن دەبێت؟
  • حكوومەتی ئێستای عێراق لەبەردەم كۆمەڵێك ئاڵنگاریدایە؛ بەپێی لۆژیك، زەقكردنەوەی كێشە لەگەڵ هەرێمی كوردستان لانی كەم لەم كاتەدا، لە بەرژەوەندی ئەو حكوومەتە نییە، سەرەڕای ئەوەی نابێ چاوەڕوانی زۆر لەو حكوومەتە بكەین، بەڵام ئەگەر لایەنە سیاسییەكانی كوردستان لە عێراق هەڵوێستی سیاسیان یەك بخەن و پێکەوە كارنامەیەكی هاوبەش ئامادە بكەن، دەشێ بەشێكی باش لەو ڕێكەوتنە كە لەنێوان لایەنەكانی ئیدارەی دەوڵەت كراوە، لە قازانجی هەرێمی كوردستان جێبەجێ بكرێت.
  • ئێران ‌و توركیا بە بیانوی جیا جیا هێرش دەكەنە سەر خاكەمان ئێوە لەوبارەیەوە هەلوێستتان چیە ؟
  • هێرش و پەلامارەكانی ئێران و توركیا بۆ سەر خاكی هەرێمی كوردستان هەڕەشەیەكی جددییە و پێویستە هەوڵ بدرێت لە ئاستی عێراق و لە ئاستی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی پێشی پێ بگیرێت.