فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکوومەتی هەرەمی کوردستان بڵاویکردەوە: “ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٧ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢، د. عەبدولەتیف ڕەشید، سەرکۆماری عێراق لە شاری بەغدا، پێشوازی لە شاندێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد و لە کۆبوونەوەیەکدا سەرکۆماری عێراق خۆشحاڵی خۆی بۆ سەردانی شاندی حکوومەتی هەرێم ی کوردستان بۆ بەغدا دەربڕی و جەختی کردەوە کە پێویستە دەستوور وەکو بنەمایەک سەیر بکرێت بۆ چارەسەرکردنی هەموو کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی و پشتیوانی خۆیشی بۆ سەرخستنی گفتوگۆکان لەو چوارچێوەیە پیشاندا”.
ئەوەش خراوەتە روو: “شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش سوپاسی سەرکۆماریان کرد بۆ ئەو پێشوازی و پاڵپشتییە و ئاماژەیان بەوەدا کە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەموو ئامادەییەکی خۆی پیشانداوە بۆ چارەسەرکردنی تەواوی کێشەکان لە ڕێگەی گفتوگۆ و دانوستاندن و لەسەر بنەمای دەستوور”.
شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێکهاتبوون لە د. دارا رەشید، وەزیری پلاندانان، کەمال محەمەد، وەزیری سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت، د. ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران، د. ئامانج رەحیم، سکرێتری ئەنجوومەنی وەزیران، د.عەبدولحەکیم خەسرەو، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون، د.جوتیار عادل، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی فەرمانگەی میدیا و زانیاری و فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا