هاوئاهەنگییەکانی سوپای عێراق لەگەڵ پێشمەرگە دژی داعش کاریگەر بوون

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

تیرۆریستانی داعش لە دوای ڕووخانی دەسەڵاتەکەیان لە ساڵی ٢٠١٧ شێوەی چالاکییەکانی خۆیان گۆڕی و دووبارە بوونەوە مەترسی بۆ سەر ناوچەکە، بەڵام لەم دواییانەدا بە زیاتربوونی ڕۆڵی پێشمەرگە لە سنوورەکە هەست بە شکست و کەمبوونەوەی داعش دەکرێت و ئەمەش دەری دەخات ڕیشەکێشکردنی داعش بەندە بە گەڕانەوەی یەکجاری هێزی پێشمەرگە بۆ سنووری مادەی ١٤٠.

وەک ئاشکرایە لە ساڵی ٢٠١٧ کشانەوەی هێزەکانی پێشمەرگە لە سنووری مادەی ١٤٠ دەرفەتێکی زێڕین بوو بۆ تیرۆریستە هەڵتووەکانی داعش تا بتوانن لە چیاکانی حەمرین و ناوچەکانی تر خۆیان حەشار بدەن و ناوچەکە بکەن بە مۆڵگەی سەرەکی خۆیان و هەر لەوێوە دووبارە ببنەوە مەترسی بۆ سەر ناوچەکە.
تیرۆریستانی داعش نێوەنێوە بوونەتە مەترسی بۆ سەر جووتیاران و کاسبکاران و لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا بە سەدان کەسیان رفاندووە و کوشتووە یان بە زۆر باجیان لێ وەرگرتوون. سنووری مادەی ١٤٠ دوای کشانەوەی پێشمەرگە، کەوتە دەستی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی، بەڵام ئەو گرووپانە هیچ کاتێک نەیانتوانیوە بۆشایی ئەمنی پڕ بکەنەوە و تەنانەت خۆیان بوونەتە بەشێک لە هۆی تێکچوونی دۆخی ئەمنی ئەو ناوچانە.
ماوەی دوو ساڵ دەبێت حکوومەتی عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستان دوای چەندین جار دانوستان و کۆبوونەوە لەسەر ئاستی وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگری عێراق، هەوڵیان داوە بەیەکەوە چەند لیوایەک دابمەزرێنن تا بتوانن ئەو بۆشاییە ئەمنییە پڕ بکەنەوە، هەرچەندە هەنگاوەکان هێشتا زۆر دیار و بەرچاو نین، بەڵام بەشداری پێشمەرگە لە چەند ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەش و جێگیربوونیان لە هەندێک شوێن، کاریگەریی بەرچاوی لەسەر پاشەکشەپێکردنی داعش هەبووە.
بەگوێرەی میدڵست نیوز، تەحسین خەفاجی، گوتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق، بە میدیاکانی ڕاگەیاندووە کە بە هەماهەنگی هەواڵگری و هەنگاوە هاوبەشەکانیان لەگەڵ پێشمەرگە توانیویانە شوێنەوار و مۆڵگەی تیرۆریستانی داعش دەستنیشان بکەن و لەو هەنگاوانەش کە لەم دواییانەدا نراون کۆمەڵێک تیرۆرسیتیان گرتووە و ژمارەیەکی تریان کوشتووە. هێرشی ئەمدواییەنەی داعش بۆ سەر دووبز ئەوەی بیر هێناونەتەوە کە دەبێت وریاتر بن و ڕێ لە هێرشی زیاتر بگرن.
یەکێک لە گرنگترین هۆکانی سەرکەوتنیان دژی داعش، وەک ئەو گوتەبێژەی ئۆپراسیۆنەکان دانی پێدادەنێت هەماهەنگییەکانیانە لەگەڵ پێشمەرگە و لە لایەکی ترەوە بەو پێوەندییە هەواڵگرییانەی هەیانە توانیویانە گورزی کاریگەر لە داعش بوەشێنن.
دواین زانیارییە هەواڵگرییەکان دەری خستووە کە تیرۆریستانی داعش بەرەو لاوازی دەچن و هێرش ومەترسییەکانیشیان زیاتر بۆ هەندێک مەبەستی مادییە تا مەبەستی کوشتن و هێرشی تیرۆریستی. بۆ نموونە زۆربەی هێرشەکانیان بۆ ئەوە بووە پارە لە خەڵک بدزن یان مۆبایل و زێڕ ببەن و بۆ مەبەستەکانی خۆیان بەکاری بهێنن لە کاتێکدا پێشتر ئەو کێشەیان نەبوو و هێرشەکانیان بۆ ئەوە بوو زیانی گیانی بە هێزە ئەمنییەکان و خەڵک بگەیەنن.
شاخەوان عەبدوڵا جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق پێداگرە لەوەی هێزی پێشمەرگە بگەڕێتەوە سنووری مادەی ١٤٠ بە گشتی و کەرکووک بە تایبەتی، بۆ ئەوەی ڕۆڵی تەواوی هەبێت لە گەڕاندنەوەی ئاسایش و ئارامی بۆ ئەو سنوورانە. پێشتریش حکوومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لە پەیام و دیدارەکانیان لەگەڵ بەرپرسانی عێراقی و هاوپەیمانان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی سووربوونی خۆیان لەسەر ئەوە ڕاگەیاندووە هێزی پێشمەرگە بە هاوبەشی سوپای عێراق سنووری مادەی ١٤٠ بپارێزن.
بەپێی دەستووری هەمیشەیی عێراق تا جێبەجێکردنی مادەی ١٤٠ و یەکلاییبونەوەی چارەنووسی ئەو ناوچانە ئەوا دەبێت ناوچەکە بە هاوبەشی لە لایەن هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق بپارێزرێن.
فازڵ ئەبورەغیف، پسپۆڕی بواری ئەمنی، باس لەوە دەکات کە داعش لە عێراق توانای ئەوەی بە تەواوی لەدست داوە هێرشی تیرۆریستی گەورە بکات. هەروەها ئاماژەی داوە یەکێک لەو ڕێکارانەی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش بۆ بانگەشەی خۆی بەکاری دەهێنا، وێنەگرتنی ئەو هێرشە تیرۆریستییانە بوو کە دەیکردن، بەڵام دەمێکە نەیتوانیوە هیچ وێنە و گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاو بکاتەوە.
عیماد عەلو، فەرماندەیەکی خانەنشینکراوی سوپای عێراق، کە پێشتر لە چەندین ئۆپەراسیۆن دژی داعش بەشداری کردووە گوتوویەتی ”داعش هێشتا هەڕەشەیە بۆ سەر عێراقییەکان و دەبێت هەموو ڕێوشوێن و ڕێکارێکی تەناهی و سەربازیی لە دژی بگیرێتە بەر، ئەمەش پێویستی بە هەماهەنگی هەواڵگری و سەربازی بە تایبەتی لە سنوورەکانی عێراق لەگەڵ سووریا هەیە.

ھەواڵی زیاتر