ئاسایشی سلێمانی هەڵمەتێكی ترسناكی پێشێلكاریی بەرامبەر ڕۆژنامەنووسان دەست پێ كردووە

لێژنەی داكۆكی لە ئازادیی ڕۆژنامەنووسی و مافی رۆژنامەنووسان، هۆشداری دەدات لەبارەی پێشێلكارییەكانی ئاسایشی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە سلێمانی بەرامبەر بە ڕۆژنامەنووسان و ئاشكرای دەكات كە ڕۆژنامەنووسێك ماوەی چوار رۆژە چارەنووسی نادیارە. 

بە گوێرەی بەیاننامەی لیژنەی داکۆکی لە ئازادیی رۆژنامەنووسی و مافییان ژمارەیەک سکاڵا و پەیوەندیی رۆژنامەنووسانی پارێزگای سلێمانی ئاراستەی لیژنەكە كراوە ”کە هەست بە مەترسی بۆ سەر ژیان و کەسایەتییان دەکەن.“

لێژنەكە جەختی كردۆتەوە: ”ماوەیەکە هەڵمەتێکی ترسناک و فۆڕمێکی ترسناکی پێشێلکاری بەرانبەر رۆژنامەنووسان لە پارێزگای سلێمانی لە لایەن ئاسایشی سلێمانییەوە دەبینرێت، کە بریتییە لە رفاندن و دەستگیرکردن و هەڵکوتانە سەر ماڵی رۆژنامەنووسان.“

لێژنەكە نموونەی بە دەستگیركردنی ڕۆژنامەنووسێك بە ناوی (هۆشیار عەلی) هێناوەتەوە كە ”ماوەیەک لەمەوبەر لە شەوێکدا بۆ رووماڵ دەچێتە دەرەوە، لەلایەن هێزێکی ئەمنیەوە هەڵدەکوتنە سەری و دەستگیر دەکرێت و تورەکەی پرتەقاڵیی تیرۆرستی دەکەنە سەری و ماوەی 24 کاتژمێر سەرنگوم دەبێت، دواتر ئازاد دەکرێت، جگە لەوەی دەست بەسەر تەواوی کەلوپەلە رۆژنامەنووسییەکەی دەگرن، شوێنی ئەشکەنجەدان لەسەر جەستەی دیار دەبێت.“

بەپێی هەمان راگەیاندراو، ئەمڕۆ چوارەمین رۆژە كە ”هێزێکی ئەمنی لەکاتی خەودا هەڵیان کوتاوەتە سەر ماڵی رۆژنامەنووس (رەوا بورهان) و لە ماڵ دەبرێتە دەرەوە و تا ئێستاش چارەنووسی ونە.“ 

لێژنەی داكۆكی لە ڕۆژنامەنووسان جەختی لەوە كردۆتەوە كە ئەم هەڵمەتەی دەستی پێ كردووە، جگە لەوەی مەترسییەكی گەورەیە بۆ سەر پرۆسەی ئازادیی رادەربڕین و ڕۆژنامەگەری و پێشێاكردنی تەواوی یاسا ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەكانی تایبەت بە ئازادیی ڕۆژنامەگەری و پاراستنی رۆژنامەنووسانە، لە هەمان كاتدا ”ترس و دڵەراوکێیی لای رۆژنامەنووسان دروست کردووە و دەڵێن مەترسی لەسەر لەژیانمان هەیە. بۆیە ئێمە لە لیژنەی داکۆکی لە ئازادیی رۆژنامەنووسی و مافی رۆژنامەنووسان داوا دەکەین، هەرچیی زووترە ئەم جۆرە رەفتارانە بەرامبەر رۆژنامەنووسان کۆتایی پێ بهێنرێت، بەپێچەوانەوە ناچار دەبین رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی تایبەت بە مافی مرۆڤ و ئازادیی رۆژنامەنووسی ئاگادار بکەینەوە.“