چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

پەیامی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بۆنەی ڕۆژی جیھانیی نەھێشتنی توندوتیژی دژی ئافرەتان

سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئه‌مڕۆ هه‌ینی په‌یامێكی به‌بۆنه‌ی‌ رۆژی جیهانی نه‌هێشتنی توندوتیژی دژی ئافره‌تان بڵاوكرده‌وه‌ و تێیدا ڕایگه‌یاند كه‌ ئافره‌تانی كوردستان له‌ ساڵانی ڕابردوو دەسکەوتی گرنگیان بەدەستھێناوە، بەڵام بەداخەوە ھێشتاش ئاستەنگ و بەربەست له‌به‌رده‌میاندا هه‌ن.

مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان له‌ په‌یامه‌كه‌دا ڕایگه‌یاند “لە ڕۆژی جیهانیی نەهێشتنی توندوتیژی دژی ئافرەتان و دەستپێکردنی ھەڵمەتی 16 ڕۆژە بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان، ھەڵوێستی نەگۆڕی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ڕووبەڕووبوونەوە و نەھێشتنی ھەر جۆرە توندوتیژیەک، بەتایبەتی جیاکاری و توندوتیژی دژ بە ئافرەتان دووپات دەکەینەوە”.
ڕاشیگه‌یاند “یەکێک لە ئەرکە لە پێشینەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، زەمینەڕەخساندن بووە لە بەردەم ئافرەتانی کوردستان بۆ ئەوەی ڕۆڵی کارا و کاریگەر و شایستەی خۆیان لە پێگە جۆراوجۆرەکانی حکومڕانیی ھەرێمی کوردستاندا بگێڕن”.

مه‌سرور بارزانی هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاند “بە ھەموو شێوەیەک ھەوڵی پەرەپێدانی کولتووری ڕێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ بە گشتی و مافەکانی ئافرەتان و نەھێشتنی جیاکاری ڕەگەزی لە کوردستان دەدەین”.
سه‌رۆكی حكوومه‌ت ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا “ئافرەتانی کوردستان لە ساڵانی ڕابردوودا دەسکەوتی گرنگیان بەدەستھێناوە، بەڵام بەداخەوە ھێشتاش ئاستەنگ و بەربەست ھەن و ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە”.

له‌ كۆتایی په‌یامه‌كه‌یدا سه‌رۆكی حكوومه‌ت ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا “ھیوادارین بە ھاوکاری ھەموو لایەنەکان و پێکھاتەکانی کۆمەڵگە، کۆتایی بە ھەموو جۆرە توندوتیژییەک و جیاکارییەکی ڕەگەزی بھێنین و ھەرێمی کوردستان ببێتە نموونەیەکی گەشی پاراستنی مافەکانی ئافرەتان و مافەکانی مرۆڤ بەگشتی”.