قایمقامی قەزای چۆمان دەڵێت، ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە پڕۆژەكانی 2022 بڕی سێ ملیار دیناری بۆ پڕۆژەكانی قەزای چۆمان تەرخان كردووە و نزیكەی 70%ی پڕۆژەكان بەكۆتا هاتوون.
لەم بارەیەوە سوارا ئەكڕەم، قایمقامی قەزای چۆمان، ڕاگەیاند: “لە درێژەی كار و پڕۆژە خزمەتگوزارییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لەسەر بودجەی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بە گوژمەی 149 ملیۆن دینار، دەست كرا بە قیرتاوكردنی بەشێكی ڕێگای هامڵتۆن، لە سنووری ناحیەی گەڵاڵە سەر بە قەزای چۆمان، لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا تا ئێستا نزیكەی 20 كیلۆمەتر لەم ڕێگا سەرەكییەی نێوان، قەزاكانی سۆران و چۆمان، كاری قیرتاوكردنی بۆ ئەنجام دراوە”.
ئاشكراشی كرد: “ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە پڕۆژەكانی 2022 بڕی سێ ملیار دیناری بۆ پڕۆژەكانی قەزای چۆمان تەرخان كردووە و نزیكەی 70% پڕۆژەكان بە كۆتا هاتوون و كەوتوونەتە خزمەت دانیشتوانی سنوورەكەمان.”