رۆژنامەی ھەولێر

وەزیری ناوخۆ لێژنەیەكی باڵای بۆ لێكۆڵینەوە لە ڕووداوەكانی تەقینەوەی غاز پێك هێنا

بە گوێرەی فەرمانێكی وەزاریی کە ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی كوردستان واژۆی لەسەر كردووە، لێژنەیەك بە مەبەستی لێكۆڵینەوە و بەدواداچوون بۆ هۆكارەكانی ڕووداوەكانی ئەم دواییەی تەقینەوەی غاز لە هەردوو پارێزگای سلێمانی و دهۆك پێك هێندراوە.

هەروەك لە فەرمانەكەدا هاتووە، دكتۆر هێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتیی دیوان لە وەزارەتی ناوخۆ، سەرۆكایەتیی لێژنەكە دەكات و هەریەك لە بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان و سەرۆكی دەستەی پێوانەسازی و كۆنتڕۆڵی جۆریی وەزارەتی پلاندانان و ژمارەیەك قایمقام و بەرپرسی دیكەش لە لێژنەكەدا ئەندامن.

لە ماوەی 10 ڕۆژی رابردوودا دوو ڕووداوی تەقینەوە بەهۆی لێچوونی غاز لە سلێمانی و دهۆك ڕوویان داوە كە بەهۆیەوە زیاتر لە 20 كەس گیانیان لەدەست داوە و دەیانی دیكەش بریندار بوون.