داربڕینەوە و تێکدانی ژینگەی کوردستان سزای قورسی بۆ دانراوە

شۆڕش غەفووری – هەولێر

لەگەڵ داهاتنەوەی وەرزی زستان و سەرماوسۆڵە لە هەرێمی کوردستان دیاردەیەکی نەخوازراو لەلایەن هەندێک لە هاووڵاتیان سەرهەڵدەدات ئەویش بڕینەوەی دار و درەختە بە تایبەتی لە ناوچە شاخاوییەکانی هەرێمی کوردستان بە بیانووی نەبوون و دابەشنەکردنی سووتەمەنی پێویست، هەرچەندە حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو چەندی نجار هاووڵاتییانیان ئاگادار کردۆتەوە و رێکاری پێویستیشیان گرتووەتە بەر و چەندین کەسیشیان سزا داوە، بەڵام ئەم دیاردەیە بە تەواوی بنەبڕ نەبووە.

هەوڵەکانی حکوومەت بۆ ڕێگریکردن لەم دیاردەیە بەردەوامە
حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام لە هەوڵ دابووە بۆ نەهێشتنی زیادەڕۆییکردن بۆسەر ژینگە و سروشتی کوردستان و چەندین رێکاریشی بۆ ئەو مەبەستە گرتۆتەبەر، لەسەر ئەم بابەتە هه‌ڵكه‌وت دوكانی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی باخداری و دارستان و پاوان له‌ وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ لە لێدوانێکیدا گوتی: “ئێمە بەردەوام هەوڵی خۆمان داوە و دوایین هەوڵیشمان لە کاتی سەردانیکردنی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بۆ وەزارەتی کشتوکاڵ لە مانگی ئابی ئەمساڵ بوو کە بە یاداشتێک ئەم بابەتەمان بە بەڕێزیان دا و لە بڕگەکانی یاداشتەکەدا ئەوەمان دیاریکردبوو کە پاراستنی دارستانەکان گرنگە و ئێمە ئەم یاداشتەمان لە ڕێگەی وەزیری کشتوکاڵەوە بەرزکردەوە بۆ ئەنجومەنی وەزیران و وێنەیەکیشی دراوە بە وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتە پەیوەندارەکانی دیکە و لە یاداشتەکەدا داوامانکردووە بە زووترین کات هەوڵبدرێت نەوتی سپی لە ناوچە شاخاوییەکان لە ڕێگەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانەوە دابەش بکرێت بۆ ئەوەی خەڵک ناچار نەبن وەکو جێگرەوەیەک بۆ نه‌وتی سپی په‌نا بۆ بڕینه‌وه‌ی دار ببه‌ن، هه‌روه‌ها داوا كراوه‌ وه‌زاره‌تی ناوخۆ (پارێزگا و یه‌كه‌ كارگێڕییه‌كان) و پۆلیسی پاراستنی دارستان و ژینگه‌ زیاتر لێپرسینه‌وه‌ و به‌دواداچوون بكه‌ن بۆ ئه‌وانه‌ی داری دارستانه‌كان ده‌بڕن و بازرگانی پێوه‌ ده‌كه‌ن.”
سه‌باره‌ت به‌وانه‌ی سه‌رپێچی ده‌كه‌ن وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ به‌ پێی یاسای دارستان ژماره‌ ١٠ی ساڵی ٢٠١٢ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ ده‌كات كه‌ سه‌رپێچی ده‌كه‌نه‌ سه‌ر دارستانه‌كان و ژینگه‌ی كوردستان، ئه‌مه‌ش له‌ ڕێگه‌ی سزادانیان به‌ پێبژاردن له‌سه‌ر هه‌ر داربڕینێك و ته‌نانه‌ت سزاكه‌ ده‌گاته‌ به‌ندكردن، هه‌روه‌ها ئه‌گه‌ر دار بڕینه‌كه‌ به‌ ڕه‌زامه‌ندیش بێت بۆ پرۆژه‌یه‌كی ستراتیژی یاخود خزمه‌تگوزاری ئه‌وكات یاساكه‌ دیاریكردووه‌ كه‌ بۆ كامه‌ پڕۆژه‌ ده‌توانرێت ده‌ستكاری ئه‌م دارانه‌ بكرێت كه‌ ڕێگرن له‌ ئه‌نجامدانی ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ و ئه‌وكاتیش به‌گوێره‌ی ته‌مه‌نی داره‌كه‌ و جۆری داره‌كه‌ ده‌بێت قه‌ره‌بوو بدرێته‌وه‌ ئینجا كاره‌كه‌ ئه‌نجام بدرێت، ئه‌مه‌یش له‌ ڕێگه‌ی لیژنه‌یه‌كه‌وه‌ خه‌مڵاندنی بۆ ده‌كرێت.
به‌گوێره‌ی یاسا سزادانی سه‌رپێچیكاران له‌ تایبه‌تمه‌ندێتی پۆلیسی دارستان و ژینگه‌ی هه‌رێمی كوردستانه‌ كه‌ سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تی ناوخۆیه‌ و له‌ ڕێگه‌ی ئه‌وانه‌وه‌ له‌ گوند و ناوچه‌كانی هه‌رێمی كوردستان سكاڵاكان پێشكه‌ش ده‌كرێن، ئێمه‌ش هۆبه‌ی دارستان و پاوانمان له‌ قه‌زا و ناحیه‌كان هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی دارستان له‌ پارێزگاكان كه‌ رامان سپاردوون هیچ چاوپۆشییه‌ك به‌رامبه‌ر سه‌رپێچیكاران نه‌كه‌ن و ده‌بێت بدرێنه‌ دادگا.

ده‌بێت هه‌ماهه‌نگیی زیاتر له‌ نێوان وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ و وه‌زاره‌ته‌كانی دیكه‌ هه‌بێت
سه‌باره‌ت به‌ هاوكاری و هه‌ماهه‌نگی وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانی ئاو له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان و وه‌زاره‌ته‌كانی دیكه‌ به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی باخداری و دارستان و پاوان گوتی: ’”له‌ڕووی هه‌ماهه‌نگییه‌وه‌ كه‌مته‌رخه‌می هه‌یه‌و بۆ نموونه‌ ئێمه‌ نووسراومان كردووه‌ بۆ وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌كان كه‌ هه‌ندێك جار ده‌بنه‌ هۆكاری تێكدانی دارستانه‌كان چونكه‌ ئه‌وان مۆڵه‌تی كاركردن ده‌ده‌نه‌ ئه‌و شوێنانه‌ی كه‌ ناوچه‌ی به‌ردینین و كاری تێدا ده‌كه‌ن، وه‌كو وه‌زارتی كشتوكاڵ داوامان كردووه‌ له‌ رێگه‌ی لیژنه‌یه‌كه‌وه‌ كه‌ وه‌زاره‌ت سه‌رۆكایه‌تی بكات هه‌ماهه‌نگیی و كۆبوونه‌وه‌ی ده‌وریمان هه‌بێت و پێش ئه‌وه‌ی كاره‌كان ئه‌نجام بدرێن دیراسه‌ی ئه‌و بابه‌ته‌ بكرێت به‌ڵام له‌ راستیدا هه‌ماهه‌نگییه‌كانمان له‌ ئاستی پێویستدا نییه‌ و ئومێد ده‌كه‌ین له‌ داهاتوودا په‌یوه‌ندیی و هه‌ماهه‌نگییه‌كانمان له‌مڕووه‌وه‌ باشتر بێت’’.

پلانی تایبه‌ت به‌ هۆشیاركردنه‌وه
‌له‌رووی هۆشیارییه‌وه‌ له‌سه‌ر ئاستی یه‌كه‌ ئیدارییه‌كان وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ به‌شێوه‌یه‌ك پلانی داناوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و لایه‌نانه‌ی تایبه‌تمه‌ندن به‌و بابه‌ته‌ یاسا و رێنماییه‌كانیان بۆ روون بكرێته‌وه‌ كه‌ نابێت پێشێلی بكه‌ن، هه‌روه‌ها ده‌بێت له‌ڕووی میدیایی و راگه‌یاندنه‌وه‌ كاری زیاتر له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ بكرێت و هۆشیاری زیاتر به‌ هاووڵاتیان بدرێت و هه‌ڵمه‌تی هۆشیاری بڵاو بكرێته‌وه‌، هه‌روه‌ها وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی باخداری و دارستان و پاوان، ساڵانه‌ له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ هه‌ڵمه‌تی نه‌مامچاندیان هه‌یه‌ كه‌ ده‌بێته‌ هۆكارێك بۆ زیادبوونی رووبه‌ری سه‌وزایی و گرنگیدان به‌ سروشت و ژینگه‌ی هه‌رێمی كوردستان.

داتا و ئاماره‌كانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانی باخداری و دارستان و پاوان بۆ ساڵی ٢٠٢١

  • سەرجەمی كەیسەكان له‌ هه‌رێمی كوردستان ٢٩٥ كه‌یس بووه‌ له‌ ساڵی ٢٠٢١ و به‌مشێوه‌یه‌ به‌سه‌ر پارێزگاكان دابه‌ش بوون:
  • پارێزگای هەولێر ٦٢ كه‌یس.
  • پارێزگای سلێمانی ١٠٠ كه‌یس.
  • پارێزگای دهۆك ١٢٠ كه‌یس.
  • گەرمیان ١٣ كه‌یس.

ژمارەی ئەو كەیسانەی یەكلا كراونەتەوە لە دادگا له‌ ساڵی ٢٠٢١
سەرجەمی كەیسەكان ٧٤ كەیسە و به‌مشێوه‌یه‌ به‌سه‌ر پارێزگاكان دابه‌ش بوون:

  • پارێزگای هەولێر ٢٤ كەیس.
  • سلێمانی هیچ كەیسێك.
  • دهۆك ٤٣ كەیس.
  • گەرمیان ٧ كه‌یس.

غەرامە و قەرەبووی دار و درەخت كە وەرگیراوە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی دارستان و پاوانی پارێزگا به‌مشێوه‌یه‌ بووه‌:

  • پارێزگای هەولێر ١٠،٠٤١،٠٠٠ دینار.
  • سلێمانی ٢٩٥،٠٠٠ دینار.
  • دهۆك هیچ قه‌ره‌بووییه‌ك نه‌بووه‌.
    گەرمیان ٨٤٠،٠٠٠ دینار.

كۆی گشتی سزای وه‌رگیراو بۆ ساڵی ٢٠٢١ بە هەموو پارێزگاكان بریتی بووه‌ له‌ ١١١.٧٦٠.٠٠٠ دینار.